رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران دەڵێت، لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە ئاستی بارانبارین باشە و تێکرا 127 ملیمەتر باران باریوە.
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران، لە وەرزی پاییزدا بڕی بارانبارین لەسەر ئاستی وڵاتەکە زۆر کەم بوو، بەڵام لە کۆتاییەکانی وەرزەکەدا و دواتر لە وەرزی زستاندا دۆخی بارانبارین بەشێوەیەکی بەرچاو باش بوو و بڕێکی زۆر باران باریوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە ئاستی بارانبارین بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و تێکرا 127 ملیمەتر باران باریوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، بڕی بارانبارین بەراورد بە وەرزی بارینی رابردوو کە 69.7 ملیمەتر بوو، بە رێژەی 27% زیادیکردووە.
سەبارەت بە دۆخی تاران، بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران دەڵێت، دۆخی تاران هێشتا جێگەی نیگەرانییە، بە جۆرێک کە لە سەرەتای پاییزەوە تەنیا 71.1 ملیمەتر باران باریوە، ئەمەش بەراورد بە وەرزی بارینی رابردوو تا ئەم کاتە کە 80.3 ملیمەتر باران باریبوو، 11% کەمترە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، جگە لە پارێزگای تاران، لە پێنج پارێزگای دیکەش، لەوانە قوم، قەزوین، هەمەدان، گیلان و مازەندەران دۆخی بارانبارین باش نییە و ئاستی بارانبارین کەمترە لە وەرزی بارینی رابردوو.
بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران هەروەها دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی بڕی بارینی بەفر و باران لە وەرزی زستاندا باشتر بووە، بەڵام بەردەوامبوونی وشکەساڵی لە شەش ساڵی رابردوودا کاریگەری بارینی باران و بەفری کەمتر کردووە.
بە پێی پێشبینییەکانی کەشناسیی ئێران، شەپۆلێکی نوێی بارانبارین ئەم هەفتەیە زۆربەی پارێزگاکانی باکوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ