رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوی ئێران دەڵێت، دەنگۆی پەیوەندیکردنی بە ویتکۆف تەنیا بۆ چەواشەکردنی کڕیارانی نەوتە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند:" دوایین پەیوەندیم لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، پێش ئەوە بووە کە خاوەنکارەکەی [ترەمپ] بڕیاری کوشتنی دیپلۆماسی و هێرشێکی سەربازیی نایاسایی بۆ سەر ئێران بدات."
عێراقچی گوتی: "دەنگۆی پەیوەندیکردنی بە ستیڤ ویتکۆف، پێدەچێت تەنیا بۆ چەواشەکردنی کڕیارانی نەوت و بە لاڕێدابردنی بیروڕای خەڵک بێت."
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 16-03-2026، ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی زنجیرەیەک نامەی بۆ ستیڤ ویتکۆف ناردووە و تێیدا جەختی لە پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگ کردووەتەوە.
بە گوتەی ئەو ماڵپەڕە، ئەمە یەکەمین پەیوەندیی فەرمیی نێوان تاران و واشنتنە لەو کاتەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئێرانییەکان پەیوەندییان بە ئەمریکاوە کردووە و گوتی: "ئەوان دەیانەوێت رێکبکەون و لەگەڵ خەڵکی ئێمە قسە دەکەن. کەسانێکمان هەن دەیانەوێت دانوستاندن بکەن، بەڵام ئێمە هیچ بیرۆکەیەکمان نییە کە ئەوان کێن یان ئایا دەسەڵاتی واژۆکردنی رێککەوتنیان هەیە یان نا."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی کوژرانی زۆربەی بەرپرسە باڵاکان و نادیاریی چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، نازانن کێ لە ئێران بڕیاری کۆتایی دەدات.
بەپێی زانیارییەکانی ئاکسیۆس، واشنتن داواکاریی ئێرانی بۆ وەرگرتنی "قەرەبوو" وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاشتی رەتکردووەتەوە، بەڵام ترەمپ ئامادەیە بۆ رێککەوتنێک کە رێگە بە ئێران بدات تێکەڵی جیهان ببێتەوە و لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەکەیەوە داهات بەدەستبهێنێت. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی دەڵێت: "سەرۆک هەمیشە ئامادەیە بۆ رێککەوتن، بەڵام لە پێگەیەکی لاوازەوە دانوستاندن ناکات."
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران رەتیدەکەنەوە چووبێتنە نێو هیچ دانوستاندنێکی ئاگربەست لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ. تاران جەخت دەکاتەوە کە ئارەزووی ئاگربەستێکی کاتی ناکات کە رێگە بە ئەمریکا و ئیسرائیل بدات هێزەکانیان تۆکمە بکەنەوە، بەڵکو تەنیا رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی دەوێت.
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و تێکشکانی زۆربەی ژێرخانی سەربازیی ئێران، واشنتن عەباس عێراقچی وەک تەنیا کەسی دەستپێگەیشتوو دەبینێت بۆ قسەکردن. هاوکات زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە عێراقچی لەگەڵ عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی هاوئاهەنگی دەکات، کە ئێستا وەک "رێبەری دیفاکتۆ"ی ئێران هەژمار دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ