قالیباف: دەبێت ئاگربەست لوبنانیش بگرێتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "تەواوکردن و چەسپاندن"ی ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لە لوبنان بۆ بونیاتنانی فراوانتری ئاگربەست کە تاران تێیدا بەشدارە، شتێکی بنەڕەتییە. گوتیشی، دەبێت ئەمریکا پابەندی ئاگربەست بێت.
 
محەممەد باقر قالیباف، کە لە دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباددا سەرۆکایەتی شاندی ئێرانی دەکرد، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "تەواوبوون و چەسپاندنی ئاگربەستی گشتگیر لە لوبنان، بەرهەمی بەرگری و جەنگی قارەمانانەی حیزبوڵڵا و یەکگرتوویی بەرەی مقاوەمەیە."
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کردەیی پابەندی رێککەوتنەکە بێت و دەست لە "هەڵە"ی 'سەرەتا ئیسرائیل' هەڵبگرێت.
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، قالیباف ئاماژە بەوە دەکات، ئێران و بەرەی مقاوەمە لە هیچ بارودۆخێکدا لە یەکدی جیاناکرێنەوە. قالیباف لەوبارەوە دەڵێت: "بەرەی مقاوەمە و ئێران یەک گیانن، چ لە کاتی جەنگدا بێت و چ لە کاتی ئاگربەستدا."
 
دوای 40 رۆژ شەڕ و بۆردوومان، بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 ئەمریکا و ئێران لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست رێککەوتن. ئێران دەڵێت، پێویستە ئاگربەست، لوبنان و هەموو ناوچەکە بگرێتەوە، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل بۆچوونێکی دیکەیان هەیە و رەتی دەکەنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە