هێرشێکی نوێی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد

16-06-2025
پەیمان محەممەد
بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکانی ئێران لە ئاسمانی ئیسرائیل. وێنە: Menahem Kahana / AFP
بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکانی ئێران لە ئاسمانی ئیسرائیل. وێنە: Menahem Kahana / AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 16-06-2025، ئێران دەستپێکردنی هێرشێکی دیکەی مووشەکی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل راگەیاند. مووشەکەکان گەیشتنە ئاسمانی وڵاتەکە و بەشێکیان لە تەلئەڤیڤ کەوتنەخوارەوە. 
 
هێرشەکە بۆ سەر حەیفا، ئۆرشەلیم/قودس و تەلئەڤیڤ بوو. بەپێی میدیای ئیسرائیلی بێت، کە قسەی پۆلیسیان گواستووەتەوە، لەم گەڕەی هێرشەکەدا، نزیکەی 100 مووشەک بەکارهاتوون.
 
لە کۆی ئەو 100 مووشەکە، لە تەواوی ناوچەکانی ئیسرائیل، 10 مووشەکیان دەربازیان بووە و لە ئامانجەکانیان داوە.

پێشتر سوپای ئیسرائیلیش هۆشداری بە هاووڵاتییانی خۆی دابوو کە لە حەشارگەکاندا بمێننەوە، بۆ ئەوەی لە هێرشەکە پارێزراو بن.

 

 
لە بەرەبەیانیی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025ـوە، پێکدادانی راستەوخۆی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران بەردەوامە. سەرەتا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند بنکەی ئەتۆمی و سەربازی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران.
 
پاشان ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنی ''بەڵێن راست 3''ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند کە تاوەکو ئێستا بە چەند قۆناخ هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر وڵاتەکە.
 
هاونیشتمانییان لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران ڤیدیۆیان بۆ رووداو ناردووە کە تێیدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک مووشەک بەرەو ئیسرائیل بەڕێوەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە