ئاسەوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر هەڕەشەی لەنێوچووندان

16-08-2014
رووداو @Rudawkurdish
ئاسەواری مێژوویی
ئاسەواری مێژوویی
نیشانەکردن رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
رووداو - رۆژهەڵاتی کوردستان

ئاسەواری مێژوویی، هێماکانی شوناسی نەتەوەیەک، کە لە رەوتی رۆژگاردا وەک سامانێکی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی پاش خۆیان بەجێماون. ئەو دەستکەوتە مێژووییانە، بناغەی کولتوور و پشتیوانی ناسنامەو شوناسی نەتەوەی کوردن.

بە گوتەی مێژووناسەکان نەتەوەی کورد، خاوەن مێژوو و ئاسەوارگەلێکی بە نرخە، کە بەردەوام جێی سەرنجی ئاسەوارناسان و لایەنگرانی مێژوو بووە.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە هەزاران ناوچەی مێژوویی تا ئێستا دۆزراوەتەوە و ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆلای خۆیان رادەکێشن.

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە ئایا ئاسەوارە مێژووییەکانی نەتەوەی کورد، بە شێوەی دروست پارێزراون یان نا؟. بە گوتەی کارناسانی ئاسەوارناس دەسەڵات بەرپرسیاری سەرەکییە لە پاراستنی ئاسەوارە مێژووییەکان.

لە زۆربەی شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژێرخاکی و ئاسەواری مێژوویی بوونی هەیە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، تێکدەڕوخێن و تاڵان دەکرێن. میدیاکان و کەسایەتییەکان و رێکخراوەکانی پاراستنی ئاسەوارە مێژووییەکان، باس لە پشتیوانیی دەستە شاراوەکان، بە مەبەستی نەمان و بێسەروشوێنکران و بازرگانی و راگواستنی  ئەو ئاسەوارانە دەکەن.

 تەنانەت شارام نازری ئاوازخوێن و هونەرمەندی بە ناوبانگی کورد سەبارەت بە پشتگوێخرانی ئاسەوارە مێژووییەکان هاتۆتە دەنگ و رایگەیاندووە: حکومەتی ئێران دەبێ پێش بە تاڵانکرانی ئاسەوارە مێژووییەکان بگرێت و نەهێڵێت ئاسەواری مێژوویی ببێتە کاڵا و بازرگانی پێوە بکرێت.

بە گوتەی چالاکڤانانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی جێبەجێکردنی پلانی پرۆژەی هێڵی ئاسنی شەمەندەفەر، پارک، رێگەوبان و خانوو هۆتێلەکان ، ئاسەوارە مێژووییەکان و ژێرخاکیەکان ، لەلایەن ئیدارەی میراتی کولتورییەوە هەڵدەگیرێن و رادەگوازرێن ، بەڵام دواتر لە هیچکام لە مۆزەخانەکان و شوێنی پاراستنی ئاسەوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نمایش ناکرێن .

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە ئاسەوارە مێژووییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، رایگەیاندووە کە چەندین نامە و سکاڵای بەدەست گەیشتووە، کە باسیان لە کۆمەڵێک کەس و گرووپی سەر بە حکومەت و دەسەڵات کردووە، کە لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا بە مەبەستی قاچاخ و فرۆشتنی ئاسەوارەکان، سەدان تەپۆڵکە و شوێنەواری مێژوویی ناوچە کوردستانییەکان هەڵداوەتەوە. 

لەبەیاننامەی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە ، کە ئاسەواری قەڵای زێوییەی شاری سەقز هەڵگیراون و رەوانەی شاری تاران کراون. ئەو رێکخراوەیە داوای لە حکومەت و تێکڕای لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە مۆزەخانە و شوێنی گونجاو بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسەوارە مێژووییەکان، کە هێمای فەرهەنگی و شارستانییەتی خەڵکی ئەو هەرێمەیە، دروستبکرێت و بردنە دەرەوەی ئاسەواری مێژوویی لە کوردستان رابگیرێت و هاوکات رێگری لە کەسان و گرووپەکانی سەربە حکومەت بکرێت تا چیدیکە ئاسەوارەکانی کوردستان بە تاڵان نەبەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە