رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران سەرکۆنەی رووداوی گیان لەدەستدانی ژینا، ئەو کچە کوردەی لە تاران بەهۆی پابەندنەبوونی بە باڵاپۆشییەوە گیانی لەدەستدا، دەکات و دەڵێت، با هەموو خەڵکی کوردستان بە داخستنی دووکان و نەچوونە سەر کارەکانیان ناڕەزایەتیی دەرببڕن.
ژینا، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13-09-2022 لە وێستگەی حەقانیی میترۆی تاران لە لایەن پۆلیسی تارانەوە بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەرکرا و دواتر بۆ گرتووخانەی پۆلیس لە شەقامی وەزیرانی تاران گوێزرایەوە.
ئەو کەسانەی لەگەڵ ژینا دەستبەسەرکرابوون بە میدیاکانیان راگەیاندووە، لە کاتی گواستنەوەی بۆ گرتووخانە، هێزەکانی پۆلیس لە ژینایان داوە و لە گرتووخانە دۆخی تەندروستی تێکچووە. کەسوکاری مەهسا ئەمینی دەڵێن، لە نەخۆشخانە پێیان راگەیاندوون، جەڵتەی دڵ و مێشک لێی داوە.
ژینا ئەمینی دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی 16-09-2022، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەبارەی گیانلەدەستدانی ژیناوە داوا لە چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان دەکات کە رۆژی دووشەممە 28ی خەرمانان بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و نەچوونە سەرکارەکانیان "مانگرتنێکی گشتیی شکۆدار" رابگەیێنن.
لەو راگەیێندراوەیاندا، ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران داوا لە "حیزب و لایەنە سیاسییەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هەڵسوڕاوانی مافی مرۆڤ"یش دەکەن کە بەدەم بانگەوازەکەیانەوە بچن بۆ ئەوەی وەڵامێکی ئەو رووداوی گیان لەدەستدانەی ژینا بدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ