رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێ، هیچ بڕیارێک بۆ گرانکردنی بەنزین نەدراوە و نرخی بەنزین بێ گۆڕانکاری وەک خۆی دەمێنێتەوە.
فاتیمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئابی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "پشکی بەنزین بە نرخەکانی 1500 تمەن و 3000 تمەن بەبێ دەستکاری دەمێنێتەوە. تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین نەدراوە."
مهاجرانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە "چاکسازییە ئابوورییەکان" کرد و گوتی، "هەر چاکسازییەکی پێکهاتەیی لە داهاتوودا، بە شێوازێکی پلەبەندی، لەسەرخۆ و بەبێ دروستکردنی هیچ شۆکێک بۆسەر ژیان و بژێویی خەڵک دەکرێ."
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێران رووبەڕووی کورتهێنانی بەنزین بووەتەوە و کێشەی کەمیی بەنزین لەو وڵاتە دروستبووە.
توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئێران 114 ملیۆن لیتر بەنزینە، لە کاتێکدا پێویستیی نێوخۆیی وڵاتەکە دەگاتە زیاتر لە 135 ملیۆن لیتر.


.jpg&w=3840&q=75)
