ئەندامانی کۆمیسیۆنی وزە لە پەرلەمانی ئێران سەردانی دوورگەی خارگیان کرد

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردوومانی دوورگەی خارگیان کرد، ئەندامانی کۆمیسیۆنی وزە لە پەرلەمانی ئێران سەردانی دوورگەکەیان کرد.
 
رۆژی دووشەممە، 16ی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە، "دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دوورگەی خارگ و هەڕەشەی ترەمپ بۆ لەناوبردنی دامەزراوە نەوتییەکان ئەندامانی کۆمیسیۆنی وزە لە پەرلەمانی ئێران سەردانی دوورگەکەیان کرد."
 
بەپێی ئاژانسەکە، ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە سەردانی بەشە جیاوازەکانیان کردووە لە دوورگەکە و بەشەکانی خزمەتگوزارییان بە سەر کردووەتەوە."
 
دوورگەی خارگ، کە تەنیا چەند کیلۆمەترێک درێژە و 25 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دوورە، مێژووەکەی بۆ ساڵانی شەستەکان دەگەڕێتەوە، کاتێک کۆمپانیای "ئەمۆکۆ"ی ئەمریکی دروستی کرد.
 
 نیوەشەوی هەینی و بەرەبەیانی شەممە، دوورگەی خارگ لە باشووری ئێران و نزیک کەنداو بە خەستی بۆردوومان کرا.
 
 دوورگەی خارگ گەورەترین و سەرەکیترین وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێرانە.
 
بەهۆی ئەوەی کەناراوەکانی ئێران کەمکوڵن و ناشێن بۆ لەخۆگرتنی کەشتییە زەبەلاحەکان، خارگ بووەتە تاقە دەروازەی ستراتیژی؛ لە کۆی هەر 10 بەرمیل نەوت، کە ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان (بەتایبەت چین) دەینێرێت، 9 بەرمیلیان لەم دوورگەیەوە باردەکرێن.
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاراستنی خارگ لە لایەن ئێرانەوە، بازاڕی وزەی جیهانییە. هەر هێرشێک بۆ سەر ئەم تێرمیناڵە کە توانای بارکردنی 7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە، نرخی نەوت بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز دەکاتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە