رووداو دیجیتاڵ
جەعفەر مەیعادفەر، سەرۆکی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 72 کەس لە رووداوەکانی پەیوەندیدار بە چوارشەممەسووری بریندار بوون".
بە گوتەی سەرۆکی فریاکەوتن (ئیمێرجێنسی) ئێران، دوو لە بریندارەکان ئەندامی جەستەیان بڕاوەتەوە و 22 برینداریش زیان بە چاویان کەوتووە.
گوتەکانی مەیعادفەر لەکاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای حکومەت و سەربازی بەدرێژایی ئەم هەفتەیە داوایان لە خەڵک کردبوو، لەجیاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی چوارشەممەسووری، بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی پشتیوانی لە حکومەت بکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لەڕێگەی کورتەنامەوە هۆشداریی دابوو لە هەوڵی سەربازانی ئیسرائیل بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە لە یادی چوارشەممەسووریدا.
وەک نەریتێکی مێژوویی، لە ئێوارەی دوایین سێشەممەی ساڵی کوردی و هەتاوی کە بەیانییەکەی دەبێتە چوارشەممە، رێوڕەسمی چوارشەممەسووری لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەدەچێت.
لە ئێران یادەکە زیاتر بە یارییە ئاگرینییەکان دەکرێتەوە، بەڵام ئەم رێوڕەسمانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە کۆبوونەوەی هاونیشتمانیان لە دەوری یەک، ئاگرکردنەوە و بازدان بەسەریدا بەڕێوەدەچێت و لە کولتوور و فۆلکلۆری کوردیدا، هێمایە بۆ کۆتاییهاتنی سەرماوسۆڵە و هاتنی بەهار و ژیانەوەی سرووشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ