رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کوژرانی سکرتێری ئەنجوومەنەکەی پشتراستکردەوە.
رۆژی سێشەممە، 17ی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەیانیی رۆژی سێسەممە لە ئەنجامی هێرشێکی ئەمریکا - ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەک لە تاران، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کوژرا.
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتووە: "لە کۆتاییدا، دکتور عەلی لاریجانی گەیشتە ئاواتی لەمێژینەیی و تێکەڵ بە شەهیدانی جەنگی رەمەزان بوو."
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، مورتەزا لاریجانی، کوڕی عەلی لاریجانی و عەلیڕەزا بەیان، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنەکە بۆ کاروباری ئاسایش و بەشێک لە پاسەوانەکانی عەلی لاریجانی لە هێرشەکەدا کوژراون.
لە بارەی وردەکاریی هێرشەکە، ئاژانسی هەواڵی فارس دەڵێت: "عەلی لاریجانی، لەگەڵ کورەکەی و یەکێک لە جێگرەکانی و و ژمارەیەک لە پارێزەرانی، لە ماڵی کچەکەی لە گەڕەکی پەردیس بوونەتە ئامانجی هێرشی فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل."
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی لاریجانی راگەیاندبوو.
دوای هەواڵی کوژرانی، لە تەلەگرامی عەلی لاریجانییەوە پەیامێک بڵاوکرایەوە کە گوایە بە دەستخەتی خۆی نووسراوە و باس لە کوژرانی ئەندامانی هێزی دەریایی ئێران دەکات، بەڵام دیار نییە کەی نووسراوە.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "تازە لە لایەن سوپاسالارەوە پێم راگەیێندرا کە شەوی رابردوو، لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سولەیمانی، فەرماندەی بەسیج" کوژران.
میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کرد کە لاریجانی، کەسایەتییە بەهێزەکەی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی شەوی رابردوو بووە.
عەلی لاریجانی کێیە؟
عەلی ئەردەشێر لاریجانی، یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین کارەکتەرە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند دەیەی رابردوودا. لاریجانی لە ئێران بە پیاوی "ئەرکە سەختەکان" و هاوسەنگی پارێزی نێوان رەوتەکان ناسراوە.
-3ـی حوزەیرانی 1958 لە شاری نەجەفی عێراق لە خێزانێکی ئایینیی نێوداری مازیندەرانی لە دایکبووە کە لەو سەردەمەدا باوکی بۆ خوێندن لە نەجەف بووە. پاشان لە تەمەنی منداڵیدا گەڕاونەتەوە بۆ ئێران.
- بڕوانامەی دکتۆرای لە فەلسەفەی رۆژئاوا لە زانکۆی تاران بەدەستهێناوە.
- زاوای ئایەتوڵڵا مورتەزا موتەهەرییە کە یەکێکە لە تیۆریستە سەرەکییەکانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
وێستگە گرنگەکانی کارگێڕی و سیاسی
- بەڕێوەبەری دەستەی پەخشی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران (1994-2004) بۆ 10 ساڵ ئەم دامەزراوە هەستیارەی بەڕێوەبرد و پێگەی میدیایی کۆماری ئیسلامیی بەهێز کرد.
- سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی (2005-2007( لەم قۆناخەدا گەورەترین بەرپرسیارێتیی پێدرا کە ئەویش بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بوو. بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ مەحموود ئەحمەدینەژاد (سەرۆککۆماری ئەو کاتە) دەستی لە کار کێشایەوە.
- سەرۆکی پەرلەمانی ئێران (2008-2020( بۆ 12 ساڵ (سێ خول) سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بوو کە درێژترین ماوەی سەرۆکایەتییە لە مێژووی پەرلەمانی ئێران. لەم ماوەیەدا توانی هاوسەنگی لەنێوان باڵە نەریتخوازەکان و میانڕۆکاندا رابگرێت.
پێگە و پۆستەکانی دیکەی
- راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.
- ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی گەل.
- بەم دواییە وەک "نێردەی تایبەتی رێبەر" بۆ گەیاندنی پەیامی هەستیار بۆ وڵاتانی ناوچەکە (وەک سووریا و لوبنان) کاری دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ