رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەرەخۆشی لە رێبەری کۆماری ئیسلامی و بنەماڵەی لاریجانی دەکات و رایدەگەیێنێت، "تۆڵەی کوژرانی عەلی لاریجانی و سەرجەم هاوەڵانی دەکەینەوە."
رۆژی چوارشەممە، 18-03-2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پەیامێکی لەبارەی کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "عەلی لاریجانی بۆ چرکەیەک لە ئەرکەکانیدا کەمتەرخەمی نەکرد."
لە پەیامەکەیدا، قالیباف وێڕای سەرەخۆشی لە رێبەری کۆماری ئیسلامی و بنەماڵەی لاریجانی، گوتی: "سەرەخۆشی لە کوژرانی سیاسەتمەداری بەهێزی ئێرانی ئیسلامی، عەلی لاریجانی و مورتەزا لاریجانیی کوڕی و دکتۆر عەلیڕەزا بەیات، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنەکە بۆ کاروباری ئاسایش و پاسەوانەکانیان دەکەم."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لە تۆڵەکردنەوە کردەوە و گوتی: "بەڵێن دەدەین تۆڵەی خوێنی عەلی لاریجانی و سەرجەم هاوەڵانی دەکەینەوە."
رۆژی سێشەممە، 17-03-2026، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەیانیی هەمان رۆژ لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەک لە تاران، عەلی لاریجانی کوژراوە.
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتووە: "دکتۆر عەلی لاریجانی گەیشتە ئاواتی لەمێژینەی و تێکەڵ بە شەهیدانی جەنگی رەمەزان بوو." ئاماژە بەوەش دراوە کە لەو هێرشەدا مورتەزا لاریجانی، کوڕی عەلی لاریجانی و عەلیڕەزا بەیات، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنەکە و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانیان گیانیان لەدەستداوە.
لە 28ی شوباتی 2026ەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژراون، کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ناوخۆی ئیسرائیل کردووە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ