رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، سەرەڕای کوژرانی رێبەری کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەک لە گەورە فەرماندە سەربازییەکان، سیستمی فەرماندەیی لە کەمتر لە 30 خولەکدا خۆی رێکخستەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێمە نامانەوێ تەنگەی هورمز دابخەین، بەڵام بە کردەیی داخراوە."
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باس لەو جەنگە دەکات لە 28ی مانگی رابردووەوە هەڵگیرساوە.
لەبارەی کاریگەریی گورزە کوشندەکانی سەرەتای جەنگەکە بۆسەر سەرکردایەتیی ئێران، قالیباف دان بە قورسیی دۆخەکەدا دەنێت، بەڵام شانازی بە خێرایی وەڵامدانەوەی سوپاکەیانەوە دەکات و دەڵێت، "لە جەنگی 12 رۆژەی رابردوودا 15 کاژێرمان پێویست بوو تاوەکو وەڵام بدەینەوە، بەڵام لەم جەنگەی ئێستادا، سەرەڕای شەهیدبوونی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان [عەلی خامنەیی]، وەزیری بەرگری، سوپاسالار و فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، سیستمی فەرماندەییمان لە کەمتر لە 30 خولەکدا دەستی بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی کرد."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل قسەی کرد و گوتی، "ئەوان پێیان وایە بە بۆمبهاوێژەکانیان دەتوانن دامەزراوەکانمان وێران بکەن، بەڵام نازانن کە دیزاین و نەخشەمان بە تەواوی گۆڕیوە. ئێمە زیاتر لە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەوانمان خستووەتە خوارەوە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نێوخۆیی. کاتێک مووشەکێک بە کڵاوەیەکی 2 تۆنییەوە دەگاتە ئامانجێک کە 2 هەزار کیلۆمەتر دوورە، ئەمە ئەنجامی داهێنانی ئێرانییە."
لەبارەی یەکێک لە هەستیارترین دۆسیەکانی جەنگەکە کە پەیوەستە بە ئابووریی جیهانەوە، قالیباف گوتی، "ئێمە ویستمان نەبوو تەنگەی هورمز دابخەین، بەڵام بەهۆی دۆخەکەوە تەنگەکە داخراوە."
لەبارەی بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتانی ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە، قالیباف رایگەیاند، "ئێمە دەبێت بەرگری لە خۆمان بکەین. هیچ ویستێکمان نییە هێرش بکەینە سەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵام مافی رەهای خۆمانە کە ئەو دووژمنەی لەوێوە هێرشمان دەکاتە سەر، بکەینە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قالیباف تیشک دەخاتە سەر پێشکەوتنەکانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی و متمانەی خۆی بە تەکنەلۆجیای سەربازیی نێوخۆیی نیشان دەدات و دەڵێت، "لەم جەنگەی ئێستادا فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی دووژمن هەرچەندە مۆدێرن و پێشکەوتووش بن، دەدۆزرێنەوە و تێکدەشکێندرێن. ئەم رێگریکردن و پێکانی ئامانجە بە تەکنەلۆجیا و زانستی نێوخۆیی دەکرێت."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باس لە گۆڕانکارییە ستراتیجییەکانی سوپای وڵات دەکات و دەڵێت، "دیزاین و سیستمی سەکۆی هەڵدانی مووشەکەکانمان لە دوای جەنگی 12 رۆژەی رابردووەوە بە تەواوی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بە جۆرێک ئێستا دووژمن بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بیانپێکێت و لەناویانببات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ