رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران لە پارێزگای خۆراسانی رەزەوی دەستگیرکردنی 10 کەسی بە تۆمەتی "سیخوڕی" و "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش" راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاداری 2026، رێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران لە پارێزگای خۆراسانی رەزەوی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی چاودێرییەکی وردی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانیدا، توانیویانە 10 کەس بە تۆمەتی "سیخوڕی" دەستنیشان و دەستگیر بکەن.
لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، چوار کەسیان تۆمەتبار کراون بەوەی خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری و دەستنیشانکردنی شوێنە هەستیارەکان و ژێرخانە ئابوورییەکانی پارێزگاکە بوون بە مەبەستی سیخوڕیکردن لە بەرژەوەندی دوژمن.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە "شانەیەکی سێ کەسی" دیکە لەنێو دەستگیرکراوەکاندان، کە لەلایەن سەرپەلێکی گرووپە "سەڵتەنەتخوازەکان" (لایەنگرانی پاشایەتی پێشوو) رێنمایی کراون.
سوپای پاسداران دەڵێت، ئەو شانەیە لەڕووی دارایی و میدیاییەوە پشتیوانی کراون و پلانیان هەبووە "کردەوەی مەیدانی" ئەنجام بدەن، بەڵام پێش جێبەجێکردنی پلانەکانیان دەستگیرکراون.
سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەوڵێک کە ئاسایشی ناوخۆیی ئێران بکاتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ