پۆلیسی ئێران داوا لە خەڵك دەکات مەیدانەکان چۆڵ نەکەن

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەبەرد حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران، لە گوتارێکدا داوا لە خەڵک دەکات، مەیدانەکان چۆڵ نەکەن و رایگەیاند، "دووژمن تووڕەیە، چونکە گەلی ئێران لەدوای لەدەستدانی سەرکردەکەیان پشتیان لە شۆڕش نەکرد."
 
ئەحمەد ڕەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران جەختی لەوە کردەوە، خەڵکی ئێران "وەکو خەڵکی کوفە نین" و وەلی ئەمری خۆیان بە تەنیا جێناهێڵن.
 
رادان، لەبارەی دۆخی ئێستای ئێران و پرسی جێنشینییەوە رایگەیاند، "ئەمڕۆ دڵمان پڕە لە ئازار و رێبەرەکەمان لەدەست داوە، بەڵام بەوپەڕی سووربوونەوە وەستاوین بۆ ئەوەی رێبازی سەید عەلی خامنەیی، لە رێگەی ئاغا سەید موجتەباوە بەردەوام بێت."
 
رادان، داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی کرد و گوتی: "تکایە هەست بە ماندوێتی مەکەن و مەیدانەکان چۆڵ مەکەن، بەتایبەتی سبەی شەو؛ چونکە سبەی شەو کاتێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئێمە. پێویستە بۆ کوێرایی چاوی دووژمن، هەموو شەقام و مەیدانەکان پڕ بکەنەوە."
 
ئەم گوتانەی ئەحمەد رەزا رادان لە کاتێکدایە کە پێشتر هۆشداریی تووندی دابوو لەوەی "دووژمنان" هەوڵ دەدەن هەر دەرفەتێک بۆ تێکدانی ئاسایش بەکاربهێنن و دەڵێت، "ئەگەری ئەوە هەیە سیخوڕ و نێردراوەکانی دووژمن لەژێر پەردەی بەشداربووانی رێوڕەسمی چوارشەممەسووری دا بێنە نێو خەڵک، بۆئەوەی بە ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە و خوێناوی، باری دەروونیی وڵات بشێوێنن."
 
کەمپەینی "نەخێر بۆ چوارشەممەسووری" لە ئێران راگەیێندراوە
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی نەریتیی چوارشەممەسووری، کەمپەینێک لەژێر ناوی "نەخێر بۆ چوارشەممەسووری ئەم ساڵ" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران دەستیپێکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە.
 
کەمپەینەکە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی گشتیی هێزە ئەمنییەکان، کە هۆشداریی دا لەوەی "سیخوڕانی دووژمن" رەنگە رێوڕەسمی چوارشەممەسووری وەک دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە بەکاربهێنن.
 
ئەم ساڵ چوارشەممەسووری لە ئێران، لەنێوان ترسی هێرشی دەرەکی و هۆشدارییە ئەمنییە نێوخۆییەکاندا، رەنگە کەمڕەنگترین و بێدەنگترین ساڵی بێت لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە