بەرپرسێکی ئێرانی بۆ رۆیتەرز: موجتەبا خامنەیی پێیوایە کاتی ئاشتی نییە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانییەوە دەڵێت، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشنیازی دوو وڵاتی نێوەندگیری بۆ ئاشتی رەتکردووەتەوە. 
 
بە گوتەی بەرپرسە باڵاکە، لە یەکەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە و جەنگدا هەڵوێستی موجتەبا خامنەیی سەبارەت بە تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا و ئیسرائیل "زۆر تووند و جیدی" بووە.
 
بەرپرسە ئێرانییەکە روونی نەکردووەتەوە ئایا رێبەری نوێ بە شێوەی رووبەڕوو بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە یان نا.
 
ئەو بەرپرسە باڵایە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ، ئاماژەی بەوە کردووە دوو وڵاتی نێوەندگیر پێشنیازیان گەیاندووەتە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ "کەمکردنەوەی گرژییەکان یان ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا"، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی پێشنیازەکان یان ناوی وڵاتە نێوەندگیرەکان نەدا.
 
بەگوێرەی سەرچاوەکە، رێبەری باڵای ئێران لە وەڵامدا گوتوویەتی، "کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئاشتی، تاوەکو ئەمریکا و ئیسرائیل بە چۆکدا دەدەین، دان بە شکستدا دەنێن و قەرەبوو دەدەن."
 
لە ئێران، رێبەری باڵا لە هەموو پرسەکانی دەوڵەتدا بڕیاردەری کۆتاییە. لەوەتەی زیاتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانەوە وەک جێگرەوەی عەلی خامنەیی باوکی هەڵبژێردراوە، هیچ وێنەیەکی نوێی موجتەبا خامنەیی بڵاونەکراوەتەوە.
 
هەندێک بەرپرسی ئێران دەڵێن لەو هێرشانەی کە باوکی تێدا کوژرا، موجتەبا بە سووکی بریندار بووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە برینەکەی سەختە.
 
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێی ناوەتە هەفتەی سێیەمەوە. گەرووی هورمز تا رادەیەکی زۆر بە داخراوی ماوەتەوە، دوای ئەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا داواکارییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان رەتکردەوە بۆ یارمەتیدان لە کردنەوەی ئەو رێڕۆ ئاوییە گرنگە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و ترسی هەڵئاوسان.
 
لە یەکەم پەیامی گشتیدا دوای هەڵبژاردنی کە هەفتەی رابردوو لەلایەن بێژەرێکی تەلەڤزیۆنی فەرمییەوە خوێندرایەوە، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی، دەبێت گەرووی هورمز وەک ئامرازێکی گوشار لەسەر "دووژمنانی ئێران" بە داخراوی بمێنێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە