رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بچنە پاڵ کەمپەینی "نەخێر بۆ شەڕی نادادپەروەرانە لە دژی ئێران" و رایدەگەیێنێت، دەرئەنجامە جیهانییەکانی ئەم گرژییانە کار دەکاتە سەر هەموو لایەک.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکان، لەنێویاندا بەرپرسانی ئەوروپا و ئەمریکا، بە راشکاوی دان بەوەدا دەنێن کە "شەڕ لە دژی ئێران نادادپەروەرانەیە."
عێراقچی داوا لە وڵاتانی دیکەش دەکات هاودەنگ بن لە دژی شەڕ و دەڵێت: "شایستەیە ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بێنە ناو ئەم هاودەنگییە."
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان دەدات و دەڵێت، "شەپۆلی دەرئەنجامە جیهانییەکان تازە دەستیپێکردووە و بێگومان بەرۆکی هەمووان دەگرێتەوە، بێ ئەوەی رەچاوی سامان، ئایین یان رەگەز بکات."
عێراقچی لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووە کە بەرەوڕووی مەترسییەکی هاوبەش دەبنەوە و گوتی، "دوژمنی هەموومان، یەکە."
ئەو پەیامەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ