وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی وەزیری ئیتڵاعاتی ئێرانی راگەیاند و باسی 'سوپرایزی گەورە' دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێ، ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران لە هێرشێکی ئاسمانیی سوپای وڵاتەکەیدا بۆ سەر تاران کوژراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، چاوەڕێی "سوپرایزی گەورە" لە هەموو بەرەکانەوە دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەقی گوتەکانی کاتزی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا بۆ سەر تاران، ئیسماعیل خەتیب، وەزیری هەواڵگریی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا."

تاوەکو ئێستا ئێران نە هەواڵەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و نە رەتیشیکردووەتەوە.
 
یسرائیل کاتز ئاماژەی بە بەردەوامبوونی جەنگەکە لەگەڵ ئێران و حیزبوڵڵا کرد و گوتی، "چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ لە تەواوی بەرەکانەوە سوپرایزی گەورە هەبن، کە دەبنە هۆی فراوانترکردنی ئەو جەنگەی دژی ئێران و حیزبوڵڵا لە لوبنان بەڕێوەی دەبەین."

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران لە زیادبووندان و گوتیشی، "من و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دەسەڵاتی تەواومان داوەتە سوپا بۆ بەئامانجگرتنی هەر کەسایەتییەکی باڵای ئێران، بێ ئەوەی پێویستیان بە وەرگرتنی رەزامەندیی دیکە هەبێت."

ئەمە دووەم بەرپرسی ئێرانییە لە 24 کاژێری رابردوودا ئیسرائیل کوشتنی رادەگەیێنێت. دوێنێش وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانی راگەیاند. 

ئیسماعیل خەتیب لە ساڵی 2021ـەوە وەزیری هەواڵگری بوو و وەک یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرە ئەمنییەکانی ئێران دەناسرا کە پێشتر لە نووسینگەی عەلی خامنەیی و دەسەڵاتی دادوەری کاری کردبوو.
 
سەید ئیسماعیل خەتیب
 
ئیسماعیل خەتیب یەکێکە لە کەسایەتییە هەواڵگرییە هەرە کاریگەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بەهۆی نزیکیی زۆری لە عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی باڵای ئێران و ئەزموونە درێژخایەنەکەی لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا بە "پیاوی سێبەر" ناودەبرێ. 
 
زانیارییە کەسییەکان
 
- ناو: ئیسماعیل خەتیب.
- ساڵی لەدایکبوون: 1961 (تەمەن 64 ساڵ).
- شوێنی لەدایکبوون: شاری قاین لە پارێزگای خۆراسانی باشوور، ئێران.
- ناسناوی ئایینی: حوجەتولئیسلام وەلموسلمین (پلەیەکی پیاوانی ئایینی شیعەیە). 
 
خوێندن و پاشخانی ئایینی
 
ئیسماعیل خەتیب لە حەوزەی زانستیی قوم خوێندوویەتی و قوتابیی چەندین مەرجەع و کەسایەتیی ئایینی وەک عەلی خامنەیی، ناسر مەکارم شیرازی و فازڵ لەنکەرانی بووە.
 
نزیکی لە عەلی خامنەیی وایکرد ببێتە یەکێک لە جێمتمانەترین کەسەکانی نێو بازنەی دەسەڵات. 
 
خەتیب کاروانی کاری خۆی هەر لە سەرەتاوە لەنێو دەزگا ئەمنییەکاندا دەستپێکرد:
 
- لە ساڵی 1980 پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە کرد و لە یەکەی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکاندا کاری کرد. لە شەڕی ئێران-عێراقدا بە سەختی بریندار بوو.
 
- لە ساڵانی 1991 - 2003 بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئیتڵاعاتی قوم بووە (کە ناوەندی سیاسی و ئایینیی ئێرانە).
 
- لە ساڵانی 2010 - 2012 بەرپرسی بەشی پاراستنی بەیت یان نووسینگەی عەلی خامنەیی بوو.
 
- لە ساڵانی 2012 - 2019 سەرۆکی ناوەندی پاراستن و هەواڵگریی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بوو.
 
- لە ساڵانی 2019 - 2021 سەرۆکی پاراستنی دامەزراوەی "ئاستانی قودسی رەزەو" بوو لە مەشهەد. ئەم دامەزراوەیە بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی مەزارگەی ئیمام رەزا لە شاری مەشهەد و یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و بەهێزترین ناوەندە ئابووری و ئایینییەکانی ئێران.
 
- لە ئابی 2021دا لەلایەن ئیبراهیم رەئیسیی سەرۆککۆماری ئەوکاتەوە بۆ پۆستی وەزیری ئیتڵاعات بەربژێر کرا و بە 222 دەنگی پەرلەمان بووە هەشتەمین وەزیری ئیتڵاعات (هەواڵگری)ـی ئێران.
 
- لە حکومەتی مەسعود پزیشکیانیشدا وەک یەکێک لەو وەزیرانەی کە "رەزامەندی رێبەری لەسەر بووە"، لە پۆستەکەیدا مایەوە. 
 
- سزای نێودەوڵەتی: لەلایەن ئەمریکا و کەنەداوە بەهۆی "پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ" و "چالاکییە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشەکان"ـەوە خراوەتە لیستی سزاکانەوە.
 
- رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تۆمەتباری دەکەن بە سەرپەرشتیکردنی رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران و هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی چالاکڤانان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای ئێران (ئەرتەش)

گوتەبێژی سوپای ئێران: دژی ئیسرائیل و ئەمریکا چەکی نوێ بەکاردەهێنین

گوتەبێژی سوپای ئێران دەڵێ، لە جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا، کۆمەڵێک چەکی نوێیان بەکارهێناوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە داهاتووشدا ئەو چەکە نوێیانە زیاتر بەکاردەهێنن