رووداو دیجیتاڵ
گووتەبێژی قەرارگە ناوەندیی خاتەمولئەنبیای هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، "دوژمن" بەشێک لە ژێرخانی سووتەمەنی و وزەی ئێرانی لە باشووری وڵات کردووەتە ئامانج و هۆشداریش دەدات کە "وەڵامێکی تووند و بێوێنەمان دەبێت."
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند: "دوژمنی تاوانبار، بەشێک لە ژێرخانی سووتەمەنی و وزەی ئێرانی لە باشووری وڵات بە ئامانج گرتووە."
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران هۆشداریی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل و گوتی: "وەک پێشتریش هۆشداریمان دابوو، ئەگەر ژێرخانەکانی سووتەمەنی، وزە، گاز و ئابووریی وڵاتەکەمان لەلایەن ئەمریکا و زایۆنیستەکانەوە هێرشیان بکرێتە سەر، جگە لە هێرشێکی بەهێز بۆ سەر دوژمن، سەرچاوەی هێرشەکەش بە تووندی دەپێکین."
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا جەختی لەوەش کردەوە کە تاران بە ئامانجگرتنی ژێرخانی سووتەمەنی و وزەی ئەو وڵاتەی، کە هێرشەکەی لێوە دەکرێت، بە مافێکی "رەوا" بۆ خۆی دەزانێت و دەڵێت: "لە یەکەم دەرفەتدا بە تووندی وەڵام دەدەینەوە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی قەرارگەی پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی نەیارانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "دووژمنان چاوەڕوانی کردەی بەهێزی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بن."
وەزارەتی نەوتی ئێران رایگەیاند، وێستگەکانی 3،4،5 و 6ی پارسی باشوور کراونەتە ئامانج.
بەگوتەی ئەسکەندەر پاسالار، قایمقامی عەسلەویە، بەهۆی هێرشی سەر پارسی باشوور، چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنان لەکار کەوتن. قایمقامی عەسلەویە گوتی: "تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرن لە پارسی باشوور و ناوچەی تایبەتیی بازرگانیی پارس".
شاری عەسلەویە سەر بە پاێزگای بوشێهرە لە کەناراوەکانی کەنداو و یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی وزەی ئێران بەناوی (پارسی باشوور) لەوێ هەڵکەوتووە کە ئەرکی دەرهێنان و هەناردەی نەوت و گازە لە ناوچە ئاوییەکانی ئێران و ناوچە ئاوییەکانی هاوبەشی نێوان ئێران و قەتەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ