مەسعود پزیشکیان کوژرانی وەزیری ئیتلاعاتی راگەیاند

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا کوژرانی سێ بەرپرسی باڵای وڵاتەکەی و چەند فەرماندەیەکی سەربازیی لە "کردەوەی تیرۆریستی"دا راگەیاند و دەڵێت: "رێگەیان بە بەهێزییەوە بەردەوام دەبێت."
 
مەسعود پزیشکیان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە: "تیرۆرکردنی نامەردانەی هاوکارە ئازیزەکانم؛ ئیسماعیل خەتیب، عەلی لاریجانی و عەزیز نەسیرزادە لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی خێزانەکانیان و تیمە یاوەرەکانیان، خەمباری کردین."
 
سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی لە گەلی ئێران دەکات و دەڵێت: "بەبۆنەی شەهیدبوونی دوو ئەندامی کابینە (وەزیرانی ئیتلاعات و بەرگری)، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و فەرماندە سەربازییەکانی سوپا و بەسیج سەرەخۆشی لە گەلی گەورەی ئێران دەکەم."
 
پزیشکیان رایگەیاند، ئەم رووداوە نابێتە هۆی پاشەکشە و رایگەیاند: "دڵنیام رێگەیان بە بەهێزییەوە و زیاتر لە جاران بەردەوام دەبێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، نووسینگەی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا بۆ سەر تاران، ئیسماعیل خەتیب، وەزیری هەواڵگریی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا."
 
ئەمە دووەم بەرپرسی ئێرانی بوو، لە 24 کاژێری رابردوودا ئیسرائیل کوشتنی راگەیاند. دوێنێش وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانی راگەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە