رووداو دیجیتاڵ
موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەکات و هۆشداری دەداتە بکوژانی لاریجانی، کە "بەمزووانە باجەکەی دەدەن."
رۆژی چوارشەممە، 18-3-2026 موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی دکتۆر عەلی لاریجانی، نوێنەری رێبەری و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، کوڕەکەی و چەند هاوکارێکییم پێگەیشت."
رێبەری ئێران لە پەیامەکەیدا لە وەسفی لاریجانیدا دەڵێت: "کەسایەتییەکی زانا، دووربین، هۆشمەند و پابەند بوو، کە ئەزموونێکی زۆری لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، سەربازی، ئەمنی و کولتووریدا هەبوو، بۆ ماوەی پێنج دەیەش رۆڵێکی دیاری لە دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامیدا گێڕا."
موجتەبا خامنەیی، کوژرانی خامنەیی بە "تیرۆر" ناوبرد و وەک ئاماژەیەک بۆ تۆڵەکردنەوە رایگەیاند: "نەیارانی ئیسلام بزانن رشتنی ئەم خوێنە تەنیا درەختی کۆماری ئیسلامی بەهێزتر دەکات؛ بێگومان هەر خوێنێک، خوێنبایەکی هەیە و بکوژانی تاوانبار دەبێت بەمزووانە باجەکەی بدەن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، رێبەری ئێران سەرەخۆشی لە هاوسەر و منداڵەکانی عەلی لاریجانی و سادق لاریجانی برای کردووە.
عەلی لاریجانی یەکێک بوو لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێران، کە پێشتر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و چەندین بەرپرسیارێتی باڵای دیکەی هەبووە. دوایین پۆستی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران بوو.
رۆژی سێشەممە 17-3-2026 یسرائیل کاتز، وەزیریی بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی لاریجانی راگەیاند، شەوی سێشەممەش میدیای ئێران هەواڵی کوشتنەکەیان پشتڕاستکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ