رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، کەسێکیان بە "تاوان"ی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە داوە.
رۆژی چوارشەممە، 18ی ئاداری 2026 دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەسێکیان بەناوی کوروش کەیوانی لەسێدارەداوە کە بە تاوانی "سیخوڕی بۆ مۆساد" سزادرابوو.
بەگوێرەی دەسەڵاتی دادی ئێران، "کوروش کەیوانی وێنە و زانیاریی هەستیاری ئێرانی داوەتە دەزگەی مۆساد، هەروەها هاوکاریی ئەو وڵاتەی کردووە بۆ تێکدانی وڵات."
ئاژانسی هەواڵیی میزان، سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت؛ پاش تێپەراندنی قۆناخە یاساییەکان لەلایەن دیوانی باڵای وڵات سزای لە سێدارەدان بۆ کوروش کەیوانی دەرچوو."
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، "سزاکە ئەم بەیانییە جێبەجێ کراوە"، بەڵام ئاماژەی بە شوێنی جێبەجێکردنی نەکردووە.
لە سەرەتای مانگی شوباتەوە ئەمە سێیەمین کەسە کە لە ئێران بە "تاوان"ی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارەدەدرێت.
رۆژی 7ی کانوونی دووەمی 2026 دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، کەسێکیان بەناوی عەلی ئەردستانی لەسێدارەداوە کە بە "تاوانی سیخوڕی و پێدانی زانیاریی هەستیاری ئێران بە دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل" دەستگیر کرابوو.
لە دوای جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، 12 کەس لە ئێران بە "تاوان"ی سیخوڕی لە سێدارەدراون کە "تاوان"ی نۆ کەسیان "سیخوڕی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل" بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ