لاریجانی؛ پیاوی رێککەوتنە ستراتیژییەکان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هیوا جەمال
عەلی لاریجانی. وێنە: AFP
عەلی لاریجانی. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی 24 کاژێر دوای هێرشەکەی تاران کە عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکەی تێدا کوژرا، عەلی لاریجانی لەڕێگەی تەلەڤزیۆنەوە دەرکەوت بۆ سەرکۆنەکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل. ئەوکات گوتی: "دڵی ئەوانە دەسووتێنین دڵی نەتەوەی ئێرانیان سووتاندووە، وا دەکەین تاوانبارانی زایۆنی و ئەمریکییە بێشەرمەکان پەشیمان ببنەوە لە کارەکانیان."
 
عەلی لاریجانی بە یەکێک لە کەسێتییە هەرە کاریگەرەکانی ئێران دەناسرا، هەندێک بڕوایان وابوو پاش عەلی خامنەیی جڵەوی دەسەڵاتی ئێران چووتە دەستی ئەو.
 
لاریجانی خاوەنی رێککەوتنە گەورەکانە، لەوانە رێککەوتنی 400 ملیار دۆلاری لەگەڵ چین بۆ 25 ساڵ و رێککەوتنی گەورە لەگەڵ رووسیا، لاریجانی پەیوەندیی تووندوتۆڵی لەگەڵ ئەورووپا هەبوو، وا پێشبینی دەکرا ترەمپ بە یەکێک لەو سێ بژاردەیە داینابێت کە پێشتر گوتی دەیەوێت ئێران بەڕێوەببەن.
 
گومانێک هەیە ئیسرائیل بێ ئاگاداریی ئەمریکا و ترەمپ لاریجانی کوشتبێت لەبەرئەوەی هیچ کەناڵێکی پەیوەندی نەمێنێت کە ئەمریکا پەنای بۆ ببات تاوەکو لەگەڵ ئێران بکەوێتەوە دانوستاندن. 
 
لاریجانی لەدایکبووی عێراقە، پیاوی ئایینی نییە، بەڵام بەشێکە لە خێزانێک کە پەیوەندییەکی ئایینی و سیاسی قووڵیان لەنێو دەسەڵاتی ئێران هەیە.
 
باوکی لاریجانی ئایەتوڵڵایەکی مەزن بوو. سادقی برای عەلی لاریجانی، گەیشتووەتە پلەی ئایەتوڵڵا و هاوکات کاروانی سیاسی خۆی بنیات ناوە، لەنێوان ساڵانی 2009 بۆ 2019 سەرۆکایەتیی دەزگای دادوەریی ئێرانی کردووە. برایەکی دیکەی بە ناوی محەممەد جەواد لاریجانی، کەسایەتییەکی باڵای سیاسەتی دەرەوەیە و وەک راوێژکاری خامنەیی کۆچکردوو کاری کردووە. تەنانەت پێش مردنی ئایەتوڵڵا خامنەیی، دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بنەماڵەی لاریجانی هەوڵ دەدەن یەکێک لە خۆیان وەکو رێبەری باڵای داهاتوو جێگیر بکەن.
 
خەزووری عەلی لاریجانی، مورتەزا موتەهەری کە ئەویش کۆچی دواییکردوو، هاوڕێی نزیکی ئەیەتوڵڵا خومەینی و یاریدەدەری بوو لە کاتی شۆڕشی 1979دا، بەڵام عەلی لاریجانی بە فەرمی دەسەڵاتی خۆی لە رێگەی سیستمی سیاسیی ئێرانەوە چەسپاند نەوەکو لە رێگەی ئایینی.
 
د. عەلی ئەردەشیر لاریجانی لە ساڵی 1958 لە نەجەف لە دایکبووە، لە ساڵی 1981 پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە کردووە و لە ساڵانی سەرەتای شەڕی ئێران و عێراقدا وەک فەرماندە خزمەتی کردووە. ئەو لە حەوزەی زانستی ئایینی خوێندوویەتی، بەڵام دواتر بڕوانامەی لە زانستی کۆمپیوتەر و ماتماتیک بەدەستهێناوە، بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە فەلسەفەی رۆژئاوا لە زانکۆی تاران بەدەستهێناوە. تێزی دکتۆراکەی لە ساڵی 1995، لەسەر فەیلەسوفی ئەڵمانی "ئیمانوێل کانت" بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە