ئێران
تیمەکانی بەهاناوەچوون لە شوێنێکی بۆردوومانکراو لە تاران بەدوای قوربانییاندا دەگەڕێن. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران ئاماری نوێی زیانەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی راگەیاند و دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە زیاتر لە 67 هەزار شوێنی سڤیل زیانیان بەرکەوتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئاداری 2026، کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران لە راگەیێندراوی ژمارەی 9ـی دا ئامارێکی نوێی زیانەکانی شەڕی لە سەرانسەری ئەو وڵاتە خستووەتەڕوو.
مانگی سووری ئێران دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکاندا 67 هەزار و 414 شوێنی سڤیل لە سەرانسەری وڵاتەکە زیانیان پێگەیشتووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەو ژمارەیە، نۆ هەزار و 218 یەکەی بازرگانین لە سەرانسەری ئێران و ئەوانەی دیکە یەکەی نیشتەجێبوونن، کە دەکاتە 58 هەزار و 196 یەکە.
بە پێی راگەیێندراوەکەی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، تەنیا لە پارێزگای تاران 18 هەزار و 180 شوێنی سڤیل کە یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لەخۆدەگرێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە سەرەتای جەنگەوە 236 ناوەندی تەندروستی، بنکەی فریاگوزاری یان لقەکانی مانگی سوور زیانیان بەرکەوتووە، 498 قوتابخانە لە سەرانسەری ئێران زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها تاوەکو ئێستا 206 کەس لە قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە کوژراون و 154 قوتابی و مامۆستای دیکەش بریندار بوون.
شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە و پێی ناوەتە رۆژی 19ـەیەمەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ