رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران دەڵێ، ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکان نەبووە و هەربۆیە تەنگەی هورمز لە کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەبێت.
رۆژی شەممە، 18ی نیسانی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند: "دوای ئەو رێککەوتنەی پێشتر لە دانوستاندنەکان دا کرابوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نیازپاکییەوە رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی ژمارەیەک کەشتی نەوتهەڵگر و کەشتی بازرگانی بە شێوەیەکی سنووردار بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، بەڵام بەداخەوە ئەمریکییەکان بە دووبارەبوونەوەی پێشێلکردنی بەڵێنەکانیان بەردەوامن لە کاری چەتەی دەریایی."
زوڵفەقاری گوتی: "بەم هۆیەیەوە کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز گەڕایەوە بۆ دۆخی پێشووی و لەژێر بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی تووندی هێزە چەکدارەکاندایە."
ئیبراهیم زولفەقاری ئاماژەی بەوەشکرد: "تاوەکو ئەو کاتەی ئەمریکا رێگە بە هاتووچۆی ئازاد و تەواوی کەشتییەکان لە ئێرانەوە بۆ شوێنی دیاریکراو و بە پێچەوانەوە نەدات، تەنگەکە بە تووندی کۆنترۆڵ دەکرێت و دەگەڕێتەوە دۆخی پیشوو."
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستەکەی لوبنان، تەنگەی هورمز بۆ ئەو ماوەیەی کە لە ئاگربەستەکە ماوە، بە تەواوی بەڕووی هەموو کەشتییە بازرگانییەکان دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ