دادگای شۆڕشی تاران سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ نەرگس محەممەدی دەركرد

20-05-2016
رووداو @Rudawkurdish
.....
.....
نیشانەکردن نەرگس محەممەدی ئێران
A+ A-

 

 رووداو - هەولێر

بەهۆی دەرکردنی بڕیاری بەندکران بۆ ژنە چالاکڤانێکی مافی مرۆڤ لە ئێران، رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور داوا لە سەرۆککۆماری ئێران دەکات، بێدەنگی بشکێنێت و دژی بڕیارەکە هەڵوێست بگرێت.

دادگای شۆڕشی ئیسلامی تاران بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاساییشی نیشتمانی ئێران، سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ نەرگس محەممەدی، سەرۆکی ناوەندی داکۆکی کارانی مافی مرۆڤی ئێران بڕیەوە. 

ئەوەش لەکاتێکدایە کە نەرگس محەممەدی لە مانگی گوڵانی 2012ـەوە بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵات و هەوڵدان دژی ئاساییشی نیشتمانی ئێران بۆ تێپەڕاندنی ماوەی 6 ساڵ زیندان لە گرتووخانەدایە.

رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، کە بەمدواییە خەڵاتی پاڵەوانی ئازادی بە نەرگس محەممەدی بەخشیوە، دوای راگەیاندنی ئەو بڕیارەی دادگای ئێران، لە بەیاننامەیەکدا بڕیارەکەی ئیدانە کرد و رایگەیاند "ئەوە بڕیارێکی نایاساییە و لەژێر کارتێکەری وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و سوپای پاسداراندا دەرکراوە".

کریستۆف دۆلڤار، سکرتێری رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور دەڵێت، نەرگس محەمەدی، پاڵەوانی ئازادی راگەیاندن و شانازیی رۆژنامەوانی و بەرگریکردن لە ئازادییە. ئەو سزا قورسەی دادگای ئێران نیشانەی نادادگەرانەبوونی دەزگای دادی ئەو وڵاتەیە و سەرۆککۆمار حەسەن روحانی، نابێ لەهەمبەر ئەو بڕیارە دزێوە بێدەنگ بێت. دەشڵێت "هەرچەند دەزانن دەزگای دادی ئێران لەژێر کۆنترۆڵی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێراندایە". 

تەقی رەحمانی، هاوژینی نەرگس محەمەدیش گوتوویەتی "ئەو سزا قورسە تۆڵەکردنەوەیە نەک هەر لە نەرگس محەمەدی بەڵکوو لە هەموو کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران".

رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور پێشتر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە خراپی دۆخی ژمارەیەک رۆژنامەوان و چالاکڤانی مافی مرۆڤ لە گرتووخانەکانی ئێران دابوو.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە