رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 45 خولەکیدا، دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد و پرسی ئاگربەستیان تاووتوێ کرد. پزیشکیان هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت: "خەریکی خیانەتکردنە لە دیپلۆماسی."
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی پاکستانی کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سوپاسی سەرۆکوەزیران و سوپاسالاری ئەو وڵاتەی کرد لەو پێناوەدا.
پزیشکیان لەبارەی رۆڵی واشنتن لە ناوچەکەدا، رەخنەی تووندی گرت و رایگەیاند: "بەردەوامیی بەڵێن شکاندن و رەفتارە زۆردارانە و نالۆجیکییەکانی ئەمریکا لە کاتی دانوستاندنەکان و لە ماوەی ئاگربەستدا، لەگەڵ بەردەوامیی کردەوە ورووژێنەر و نایاساییەکانی ئەو وڵاتە لە گەمارۆی دەریایی ئێران، پێشێلکردنی ئاشکرای لێکتێگەیشتنی ئاگربەست و بەزاندنی جارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کردەوانە و هەڕەشە و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا دەبنە هۆی زیاترکردنی بێ متمانەیی و گوتی: "ئەو راستییە زیاتر دەردەکەوێت کە ئەمریکا بەدوای دووبارەکردنەوەی سیناریۆ کۆنەکان و خیانەتکردنە لە دیپلۆماسی."
مەسعود پزیشکیان جەختی لەسەر ئامادەیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خۆی لە بەرامبەر هەر سەرکێشییەکی ئەمریکا و ئیسرائیل و هۆشداریشی دا لە لێکەوتەکانی ئەو جۆرە کردەوانە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان. پزیشکیان راشیگەیاند، تاران سوورە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە و دوور لە دەستێوەردانی "ئەکتەرە دەرەکییەکان بەتایبەت ئەمریکا."
لای خۆیەوە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاماژەی بە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان کرد و پزیشکیانی لە دوایین راوێژەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئاگادار کردەوە.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف سوپاسی بەرپرسانی ئێرانی کردووە بۆ ئەو گفتوگۆ "سازێنەرانەی" لەگەڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان لە کاتی سەردانی ئەمدواییەی بۆ تاران ئەنجامیان دابوو. سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەختی کردەوە کە ئیسلام ئاباد بە پشتیوانیی هاوڕێ و هاوبەشەکانی، پابەند دەبێت بە هەوڵە راستگۆیانەکانی بۆ پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ