رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رایدەگەیێنێت کە وڵاتەکەی بەدوای فراوانکردنی شەڕەوە نییە و بەردەوامیی پێکدادانەکانیش لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە. دەشڵێت: "ئەگەر زانکۆکان و گەنجە بلیمەتەکانمان نەبووایەن، ئێستا خاوەنی ئەم مووشەکانە نەدەبووین."
رۆژی یەکشەممە، 19-4-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کاتی سەردانیکردنی وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆژیای ئەو وڵاتە، ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکانی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند: "چارەسەری کێشەکان لە زیادکردنی گرژییەکاندا نییە، بەڵکو لە ژیری، گفتوگۆ و دوورکەوتنەوە لە وێرانکاریی زیاتردایە."
مەسعود پزیشکیان ستایشی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ خۆڕاگرییان بەرامبەر گوشار و هەڕەشەکان و گوتی: "سەرەڕای هەموو کێشەکان، هێزە چەکدارەکانمان بە جۆرێک لە بەرامبەر زلهێزەکاندا وەستاونەتەوە کە هەموو جیهانیان تووشی سەرسوڕمان کردووە."
سەرۆککۆماری ئێران رەخنەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل گرت بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان و گوتی: "دووژمنان کە لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان شکستیان هێنا، یاسا نێودەوڵەتییەکانیان پێشێل کرد و هێرشیان کردە سەر قوتابخانە، نەخۆشخانە و زانکۆکان. ئەوان دەزانن ئەگەر بڕیار بێت وڵات لەسەر پێی خۆی بوەستێت، ئەوە زانایان و بلیمەتەکان و نوخبەکانن کە دەتوانن کارێک بکەن."
مەسعود پزیشکیان جەختی لە گرنگیی ناوەندە زانستییەکان کردەوە بۆ پاراستنی وڵات و گوتی: "ئەگەر زانکۆکان و ئەم گەنجە بلیمەتانە نەبووایەن، ئەم بەرگرییە بەهێزە ئەنجام نەدەدرا و خاوەنی ئەم مووشەکانە نەدەبووین. ئەوان دەزانن کوێ دەپێکن، بۆیە ئێمەش دەبێت بزانین کوێ بەهێز دەکەین."
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، پزیشکیان رەخنەی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرت و گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت نابێت ئێران مافی ئەتۆمی هەبێت، بەڵام ناڵێت بە چ تاوانێک؟ ئەو کێیە کە گەلێک لە مافە یاساییەکانی بێبەش بکات؟ ئێمە داوای دادپەروەری و مامەڵەی یەکسان دەکەین لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا."
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران داوای پاراستنی یەکریزیی ناوخۆیی کرد و پەیامێکی ئاراستەی ناوەندە ئایینییەکان کرد تاوەکو مینبەری مزگەوتەکان بۆ یەکخستنی ریزەکان بەکاربهێنن. پزیشکیان گوتی: "دەبێت مینبەرەکان لە قسەی تووندوتیژ و نانەوەی دووبەرەکی دووربکەونەوە. رەنگە جیاوازیی بیروڕامان هەبێت، بەڵام کاتێک پرسەکە دەبێتە پاراستنی نیشتمان، هەمووان یەکریز لە بەرامبەر دووژمن دەوەستینەوە."
قسەکانی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتێکدایە، تەنیا 2 رۆژی دیکە ئاگربەستە 2 هەفتەییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا کۆتایی دێت. ئێستا ناوچەکە لە دۆخێکی زۆر هەستیاردایە و مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی پاکستان بێ ئەنجام بوون و ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ