بەقایی: هیچ متمانەیەکمان بە ئەمریکا نییە و بەرنامەیەکیش بۆ قۆناخی داهاتووی دانوستاندنەکان نییە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، وڵاتەکەی هیچ بەرنامەیەکی بۆ قۆناخی داهاتووی دانوستاندنەکان نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "هیچ متمانەیەک لەنێوان تاران و واشنتندا نییە". 
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی خۆیدا، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە دانوستاندنەکان، گرژییەکانی گەرووی هورمز و پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن.
 
بەقایی بە تووندی رەخنەی لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا گرت و رایگەیاند: "واشنتن بە گرتنەبەری مامەڵەی دژبەیەک و پێشێلکردنی بەردەوامی بەندەکانی ئاگربەست، سەلماندوویەتی کە لە بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دیپلۆماسی جیدی نییە."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی ئەزموونەکانی باجە قورسەکانی یەک ساڵی رابردوو و "خیانەتە بەردەوامەکانی ئەمریکا لە دیپلۆماسیدا" لەبیر ناکات.
 
 بەقایی گوتی: "واشنتن لە کەمتر لە 9 مانگدا، دوو جار لە کاتی دانوستاندنەکاندا بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، شەهیدکردنی گەورەبەرپرسان و هاووڵاتییان و زیانگەیاندن بە سامانە نیشتمانییەکانمان، پەلاماری ئێرانی داوە."
 
لەبارەی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانیش، بەقایی گوتی: "هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا، لەوانە پەیمانشکێنی لە رێککەوتنەکانی لوبنان و هەوڵدان بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا کە بووەهۆی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانیی وڵاتەکەمان، بەپێی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نموونەی ئاشکرای 'کردەوەی دەستدرێژیکارانەیە'."
 
لەباەی پرۆسەی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن، ئیسماعیل بەقایی وردەکاریی نوێی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "لە وەڵامی پڕۆژە 15 خاڵییەکەی ئەمریکادا ئێران پێشنیازێکی 10 خاڵیی خستەڕوو کە دوای دانوستاندنێکی تێروتەسەل لە ئیسلامئاباد بۆ پاکێجێکی دیاریکراو گۆڕدرا."
 
بەقایی رەتیکردەوە کە وڵاتەکەی دەستپێشخەریی نوێی پێشکێش کردبێت و گوتی، بەکارهێنانی وشەی "نوێ" بۆ پێشنیازەکانی ئێران دروست نییە و رایگەیاند: "ئێران لەسەر هەڵوێستە ژیرانە و دادپەروەرانەکانی خۆی جێگیرە، بەپێچەوانەی بەرامبەرەکەی کە بە گۆڕینی بەردەوامی هەڵوێستەکانی رێگرە لە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان."
 
بەقایی گوتی: "ئێمە لە سەرەتاوە هێڵە سوورەکان و بابەتە قبووڵنەکراوەکانمان بە روونی راگەیاندوون و پێداگریمان لەسەریان گۆڕانکاری لە هەڵوێستی بنەڕەتیی ئێمەدا دروست ناکات."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلی بە "بەرپرسیاری سەرەکی" لە نائارامییەکانی گەرووی هورمز ناوبرد و ئاماژەی بەوە دا، پێش 28ـی شوبات ئەو ناوچەیە لە ئاسایشێکی تەواودا بوو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەبێت لێپرسینەوە لەو دوو وڵاتە بکات و پێگەی "تاوانبار" و "قوربانی" تێکەڵ نەکات.
 
بەقایی گوتیشی: "هێزە چەکدارەکانی ئێران هەوڵیان داوە هاتووچۆی پارێزراو لە تەنگەی هورمز مسۆگەر بکەن، بەڵام دەستبەجێ دوای ئەوە، ئەمریکا رایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران درێژە پێدەدات. ئەمەش لە وەڵامی ئەو لێکتێگەیشتنەدا بوو کە ئاگربەستی لوبنان و پابەندییەکانی ئێرانی لە تەنگەی هورمز لەخۆدەگرت."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دایە ئەمریکا و ئیسرائیل لەبارەی هەر سەرکێشییەکی نوێ و رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێشخەری ئەم جەنگە نەبووە، بەڵکو هەنگاوە سەربازییەکانی مانگەکانی ئادار و نیسان تەنیا لە چوارچێوەی بەرگریی رەوا لە وڵات کراون. هێزە چەکدارەکانمان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بە هەموو توانایەکەوە وەڵامێکی تووندی هەر سەرکێشییەکی نوێی ئەمریکا یان رژێمی زایۆنی دەدەنەوە."
 
ئێران یەکێک لە سەختترین قۆناخەکانی مێژووی خۆی تێدەپەڕێنێت کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، قەبارەی زیانە گیانی و مادییەکان بەم شێوەیەیە:
بەڕێوەبەرایەتیی پزیشکی دادوەریی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای "جەنگی رەمەزان"ـەوە تاوەکو 9ـی نیسانی 2026، 3 هەزار و 375 کەس کوژراون. بەهۆی بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتوو و بەهێز، تەرمی 40%ی قوربانییەکان لە سەرەتادا شێواو بوون و نەدەناسرانەوە.
 
محەممەد سادق موعتەمەدیان، پارێزگاری تاران، لە گەشتێکی مەیدانیی باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان بۆ نەخۆشخانەی گاندی گوتی، بەشێکی زۆری ناوەندە تەندروستی، فێرکاری، ئایینی و مێژووییەکانی وڵات لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئەمریکادا وێران بوون. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

پزیشکیان: دەبێت خەڵک لە راستییەکان و ئاڵنگارییەکانی وڵات ئاگادار بن

سەرۆککۆماری ئێران داوا دەکات راستییەکان و ئاڵنگارییە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی وڵاتەکەی بە راشکاوی بۆ خەڵک باس بکرێن و هۆشداریش دەدات کە بەڵێنی بێبنەما متمانەی گشتی تێکدەدات و کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە.