ئێران: 95%ـی ژێرخانی فڕۆکەخانەکانمان سەلامەتن و تەنیا 20 فڕۆکە زیانیان بەرکەوتووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری ئەنجوومەنی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئێران رایگەیاند، لە جەنگی 40 رۆژەدا 20 فڕۆکەی سڤیلی ئەو وڵاتە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا زیانی گەورەیان بەرکەوتووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، 95%ـی ژێرخانی فڕۆکەخانەکان بە سەلامەتی ماونەتەوە.
 
مەقسوود ئەسعەدی سامانی، سکرتێری ئەنجوومەنی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لە تێکچوونی 40 بۆ 60 فڕۆکە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن و گوتی: "بەپێی هەڵسەنگاندنە وردەکان، ژمارەی ئەو فڕۆکانەی زیانی جیدییان بەرکەوتووە نزیکەی 20 فڕۆکەن."
 
سەبارەت بە دۆخی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران، سامانی ئاماژەی بەوە کرد کە پێش دەستپێکردنی شەڕ، لە کۆی 250 بۆ 300 فڕۆکەی ئێران، تەنیا 150 فڕۆکەیان چالاک بوون و ئەوانی دیکە بەهۆی کێشەی تەکنیکی و نەبوونی پارچەی یەدەگ پەککەوتبوون؛ گوتیشی: "ئێستا و بە کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو فڕۆکانەی زیانیان بەرکەوتووە، نزیکەی 130 فڕۆکەی چالاکمان لەبەردەستدایە."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران دڵنیایی دا کە ژێرخانە سەرەکییەکانی فڕۆکەخانەکان لەناونەچوون و گوتی: "شوێنە گرنگەکانی وەک فڕۆکەخانەی میهرئاباد و فڕۆکەخانەی پەیام زیانیان بەرنەکەوتووە. ئەگەر ئاسایشی ئاسمان دابین بکرێ، زیاتر لە 90% بۆ 95%ـی توانای فڕۆکەخانەکان بە خێرایی دەخرێنەوە کار و خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانی دەستپێدەکات."
 
قسەکانی سکرتێری ئەنجوومەنی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران لە کاتێکدایە، لە ماوەی جەنگدا ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە فڕۆکەخانەکانی تاران، کەرەج، تەورێز، مەشهەد، ئیسفەهان، کرمان، ورمێ، بەندەر عەباس، ئەهواز و بوشێهر کەوتبوونە بەر هێرشی چڕی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل.
 
سامانی باسی لەوەشکرد، بەهۆی کەمبوونەوەی گەشتە گەشتیارییەکان لەم دۆخەدا، لە کورتخایەندا کێشەی کەمیی فڕۆکەیان نابێت، بەڵام داوای لە حکومەت کرد لە شەش مانگی داهاتوودا پلان بۆ نۆژەنکردنەوە و کڕینی فڕۆکەی نوێ دابنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

پزیشکیان: دەبێت خەڵک لە راستییەکان و ئاڵنگارییەکانی وڵات ئاگادار بن

سەرۆککۆماری ئێران داوا دەکات راستییەکان و ئاڵنگارییە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی وڵاتەکەی بە راشکاوی بۆ خەڵک باس بکرێن و هۆشداریش دەدات کە بەڵێنی بێبنەما متمانەی گشتی تێکدەدات و کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە.