رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، تاوەکو ئێستا بڕیاری بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن لە دانوستاندنەکانی پاکستان نەدراوە؛ هۆکارەکەش بۆ هەڵوێستی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە.
ئەمرۆ سێشەممە، 21ی ئاداری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "تائێستا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن لە دانوستاندنەکانی پاکستان نەدراوە."
بەقایی گوتی، "کۆماری ئیسلامی ئێران هەرکاتێک بزانێت رێگەی دیپلۆماسی خزمەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان دەکات، دەچێتە نێو دیپلۆماسییەوە."
بەقایی ئاماژەی بەوەشکرد، "دیپلۆماسی دەبێت ئەنجامدار بێت و بڕیارەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی وڵات بدرێن."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوەی کە تاوەکو ئێستا بڕیاری بەشدارینەکردنیان نەداوە بۆ "پەیامە دژبەیەکەکان، رەفتارە دژبەیەکەکان و کارە قبووڵنەکراوەکانی لایەنی ئەمریکی دەگەڕێتەوە."
بەقایی رەخنەی لە دەستبەسەرداگرتنی کەشتی وڵاتەکەی لە لایەن ئەمریکاوە گرت و گوتی، "هێرشکردنە سەر کەشتییە ئێرانییەکان پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی و چەتەی دەریایی و تیرۆریزمی دەوڵەتییە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئێران گوتی، "هەر لە سەرەتاوە رووبەڕووی پێشێلکارییەکانی ئاگربەست بووینەوە لەلایەن دووژمنەوە، کە نموونەی ئەو پێشێلکارییەش گەمارۆی دەریاییە."
پێشبینییەکان بەو جۆرە بوون، سبەی چوارشەممە لە پاکستان گەڕێکی نوێی دانوستاندن بەڕێوەبچن.
بەڵامن بەرپرسێکی کۆشکی سپیش بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاند، "رۆیشتنی جەی دی ڤانس بۆ پاکستان دواخراوە."
گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئاباد رۆژی 11-04-2026 بەڕێوەچوو و نزیکەی 21 کاژێری خایاند بەڵام نەگێشتنە هیچ رێکەوتنێک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ