ئێران
مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی مزگەوتی (مەکی) لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران
رووداو دیجیتاڵ
پێشنوێژی گەورەترین مزگەوتی سوننەکانی ئێران دەڵێ، دۆخی وڵاتەکەی زۆر باش نییە، هەر بۆیە گرنگە رێککەوتن بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی نیسانی 2026، مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی مزگەوتی (مەکی) لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس رایگەیاند، "ئاسمانی وڵات لەژێر کۆنترۆڵی دووژمندایە، ژێرخانی ئێران مەترسی لەنێوچوونی لەسەرە و هێزە چەکدارەکان کەرەستەی پێویستیان بۆ بەرگریی ئاسمانی نییە."
مەولەوی عەبدولحەمید دەڵێت، "تاکە رێگەی دەربازبوون لەو چەقبەستووییە رێککەوتنێکی دادپەروەرانەیە."
ئەو کەسایەتییە دیارەی سوننەکانی ئێران گوتیشی، "ئەو تووندڕەوانەی ئەمڕۆ رێگری (لە رێککەوتن) دەکەن، سبەی لە بەرامبەر وێرانکردنی نیشتمان چ وەڵامێکیان دەبێت بۆ خودا و بۆ ئەو گەلە ستەملێکراوە؟"
پاکستان ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا تیمی دانوستاندنکاری ئێران بڕیاری چوونی بۆ پاکستان نەداوە.
راستە ئاگربەست هەیە، بەڵام بڕیارە رۆژی چوارشەممە 22-04-2026 کاژێر 02:50 خولەکی بەرەبەیان [بەکاتی هەولێر] کۆتایی بێت. ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە ئاماژەی بەوەدا، نایەوێ ئاگربەست درێژبکاتەوە و گوتی: "پێشبینی دەکەم بۆردوومان دەستپێبکاتەوە."
گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئاباد رۆژی 11-04-2026 بەڕێوەچوو و نزیکەی 21 کاژێری خایاند. دوای کۆبوونەوەکان جەی دی ڤانس رایگەیاند: "ئێمە بەبێ هیچ رێککەوتنێک دەگەڕێینەوە ئەمریکا، ئەمە بۆ ئێران هەواڵێکی خراپترە وەک لەوەی بۆ ئێمە خراپ بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ