رووداو دیجیتاڵ
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، تاران بڕیاری داوە کە بە مەبەستی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، سبەی چوارشەممە شاندی لە پاکستان نابێ. میدیاکە دەڵێ، هۆکارەکە "پاشگەزبوونەوەی ئەمریکایە لە بەڵێنەکانی و زێدەرۆییە لە داواکارییەکانی".
بەپێی میدیای ئێران، سەرچاوە پەیوەندیدارەکانی حکومەت رایانگەیاندووە کە ئێران لە رێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە بە مەبەستی دانوستاندن ناچێتە ئیسلامئاباد. هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تاران پێیوایە واشنتن ئەو چوارچێوە 10 خاڵییەی پێشێل کردووە کە گوایە پێشتر لەسەری رێککەوتبوون.
وەک میدیای ئێران دەڵێ، گرنگترین ئەو خاڵانەی بوونەتە هۆی شکستی کۆبوونەوەکە:
- پێشێلکردنی ئاگربەست: ئێران دەڵێ ئەمریکا پابەند نەبووە بە ئاگربەست؛ هەروەها ئاگربەستەکەی لە لوبنان بەسەر ئیسرائیلدا نەسەپاند و ئەوەش بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەربەستی بۆ دانوستاندنەکان دروستکرد.
- زێدەڕۆیی لە داواکارییەکان: تاران تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ واشنتن کە لە گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی ئیسلامئاباد، داواکاریی زۆری هەبووە بۆ ئەوەی "شکستی مەیدانیی خۆی لەسەر مێزی گفتوگۆ قەرەبوو بکاتەوە".
- کێشەی تەنگەی هورمز: دوای ئەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنەکە تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا دەکەنەوە، ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی لانەبرد.
بەرپرسانی ئیران دەڵێن، لەو پەیامانەشدا کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئاڵوگۆڕ کراون، ئەمریکییەکان لە داواکارییەکانیان پاشەکشەیان نەکردووە و هەربۆیە هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە پەیامە ئاڵوگۆڕکراوەکاندا بەدی نەهاتووە. میدیای ئێران دەڵێ، بۆیە تاران ئامادە نییە بچێتە ناو یارییەکی ئەمریکی و ئامادەبوونی خۆی لە پاکستان لەم دۆخەدا بە "کات بەفیڕۆدان" دەزانێت.
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، بڕیار بوو سبەی چوارشەممە کاژێر 2:50 ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی واشنتن و تاران کۆتایی بێت. چەند خولەکێک پێش ئێستا سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەستەکەی رێژکردوەتەوە تاوەکو ئەو کاتەی لایەنی ئێرانی بە مەرجەکانی وڵاتەکەی رازی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ