وەزیری وزەی ئێران: هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی گەورەیان بە ژێرخانی ئاو و کارەبا گەیاندووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەکەوە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی زۆر گەورەیان بە ژێرخانی ئاو و کارەبای وڵاتەکە گەیاندووە. لەلایەکی دیکەوە مانگی سووری ئێران دەڵێت زیاتر لە 81 هەزار شوێنی سڤیل زیانیان بەرکەوتووە.
 
عەباس عەلیئابادی، وەزیری وزەی ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە، واتە لە 28ی شوباتەوە، ژێرخانی گرنگی ئاو و وزە بەهۆی هێرشەکانەوە وێران بوون.
 
ئاژانسی هەواڵی ئیسنا لە زاری عەلیئابادییەوە بڵاویکردەوە، "ژێرخانی ئاو و کارەبا لە وڵاتدا بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکان و هێرشە سایبەرەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنییەوە زیانی زۆری پێگەیشتووە." ئاماژەی بەوەش کرد، دەیان وێستگەی گواستنەوە و پاڵاوتنی ئاو کراونەتە ئامانج و بەشێک لە تۆڕەکانی دابینکردنی ئاو وێران بوون، ئێستاش کار بۆ چاککردنەوەیان دەکرێت.
 
پیر حوسێن کولیوەند، سەرۆکی دەزگای مانگی سووری ئێران رایگەیاند، بەپێی دوایین ئامارە مەیدانییەکان، ژمارەی ئەو شوێنە سڤیلانەی زیانیان بەرکەوتووە گەیشتووەتە 81 هەزار و 365 شوێن. ئەمەش ماڵ، دووکان، قوتابخانە، نەخۆشخانە و ئۆتۆمبێلەکان دەگرێتەوە.
 
کولیوەند گوتی، "لەپشت هەر یەکەیەکی وێرانکراوەوە خێزانێک، ژیانێک، بیرەوەرییەک، منداڵی و داهاتوویەک هەیە کە لەژێر داروپەردووی جەنگ و توندوتیژیدا رووخاوە."
 
هێرشەکانی ئەم دواییە
 
رۆژی یەکشەممە، ئاژانسی ئیسنا بڵاویکردەوە کە هێرشەکان زیانیان بە شاری ئەهواز لە باشووری رۆژئاوای وڵات گەیاندووە. ئاژانسی فارسیش وێنەی تیمەکانی فریاگوزاریی بڵاوکردەوە کە خەریکی دەرهێنانی تەرم بوون لەژێر باڵەخانەیەکی رووخاو لە شاری تەورێز.
 
مۆڵەتەکەی ترەمپ و هەڕەشەی ئێران
 
شەوی شەممە بەکاتی ئەمریکا، بەرەبەیانیی یەکشەممە بە کاتی هەولێر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئێران لە ماوەی 48 کاژێردا تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا نەکاتەوە، ئەوا وێستگەکانی کارەبای ئێران بۆردوومان دەکات.
 
لە سەرەتای جەنگەکەوە، هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، کە رێڕەوێکی گرنگە بۆ نەوت و گازی جیهان، نزیکەی بە تەواوی وەستاوە. هێزەکانی ئێران چەندین کەشتییان کردووەتە ئامانج بە بیانووی ئەوەی گوێیان بە هۆشدارییەکان نەداوە.
 
لە وەڵامی هەڕەشەکەی ترەمپدا، ئێران هەڕەشەی کرد کە ئەگەر کارەبای لێ بڕدرێت، ژێرخانی وزە و وێستگەکانی شیرنکردنی ئاوی دەریا لە سەرتاسەری وڵاتانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، تاران رێگەی بە کەشتیی هەندێک وڵاتی "دۆست" داوە بە تەنگەکەدا تێپەڕن، بەڵام هۆشداریداوە کە رێگە لە کەشتیی ئەو وڵاتانە دەگرێت کە بەشدارن لە جەنگەکەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلائەدین بروجێردی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران

پەرلەمانتارێکی ئێران: لاپەڕەیەکی نوێی هاوکێشەی هێز هەڵدرایەوە

عەلائەدین بروجێردی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر شاری دیمۆنای ئیسرائیل و پەکخستنی سیستەمە رادارییەکان، وەرچەرخانێکی گەورەیە لە جەنگدا و دەڵێت: "بە هێرشکردنە سەر دیمۆنا لاپەڕەیەکی نوێ لە گۆڕینی هاوکێشەی هێز هەڵدراویەوە."