رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێک لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران باس لە دیاریکردنی سەرپەرشتیارێک بۆ وەزارەتی ئیتلاعات دەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعات هەفتەی رابردوو لە بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر تاران کوژرا.
سەید مەهدی تەباتەبایی، جێگری پەیوەندییەکان و زانیاریی لە نووسینگەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندووە، دەستبەجێ دوای کوژرانی ئیسماعیل خەتیب، بڕیاری دانانی سەرپەرشتیاری وەزارەتی ئیتلاعات" لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەرچووە و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.
تەباتەبایی ئاماژەی بەوەش کردووە کە زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە لە "کاتی گونجاودا" بڵاودەکەنەوە، بەڵام ناوی سەرپەرشتیارە نوێیەکەی ئاشکرا نەکردووە.
دەگوترێت هۆکاری ئاشکرانەکردنی ناوی سەرپەرشتیاری نوێ بۆ مەترسییە ئەمنییەکان و ئەگەری بە ئامانجگرتنی دەگەڕێتەوە لەلایەن سوپای ئیسرائیل و ئەمریکاوە.
چوارشەممەی رابردوو، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، کوژرانی ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێرانی راگەیاند، دواتر مەسعود پزیشکیان، کوژرانی وەزیرەکەی پشتڕاستکردەوە.
جگە لە ئیسماعیل خەتیب، تائێستا چەند بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتەکەش کوژراون، لەوانە موحسین مەهدەوی کەلاتە، جێگری وەزیری ئیتلاعات و محەممەد باسری، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ