مۆڵەتە 48 کاژێرییەکەی ترەمپ و وەڵامی ئێران، چی روودەدات؟

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
لهۆن نەسرەدین
تەنگەی هورمز
تەنگەی هورمز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ هەڵبەز و دابەزی لێدوانەکانی تایبەت بە جەنگ، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەیەکی نوێی ئاراستەی تاران کرد. سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر ئێران لە 48 کاژێردا تەنگەی هورمز نەکاتەوە، ئەوا وێستگەکانی کارەبا و کەرتی وزەیان دەسڕێتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" پەیامێکی تووندی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەگەر ئێران بە تەواوی و بێ هەڕەشە، لە ئێستاوە تاوەکو 48 کاژێری دیکە تەنگەی هورمز نەکاتەوە، ئەوا ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر وێستگە جیاجیاکانی کارەبای ئێران و دەیانسڕێتەوە؛ سەرەتاش لە وێستگە گەورەکانەوە دەستپێدەکەین."
 
ئەم هەڵوێستەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە هاوپەیمانانی ئەمریکا داوایەکی ترەمپیان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بە هێزی سەربازی رەتکردەوە، لەکاتێکدا نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
 
رۆبێرت یاوگەر، شارەزای ئابووری لەبارەی دۆخەکەوە بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە یەکێکە لە گەورەترین قەیرانەکانی وزە کە رووبەڕووی جیهان بووەتەوە. بێگومان ترەمپ لەژێر گوشارێکی گەورەی دەرەوە و نێوخۆی ئەمریکادایە."
 
ئێران کە پێشتر لە وەڵامی تەقاندنەوەی بەشێکی کێڵگەی گازی "پارسی باشوور" لەلایەن ئیسرائیلەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە گازییەکانی قەتەر، ئەمجارە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە، تەکنۆلۆجیا و پاڵاوگەکانی ئاوی وڵاتانی ناوچەکە دەکات.
 
عەلائەدین بروجێردی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکادا دەڵێت: "پێموانییە ئەو گەمژەییە بکەن، ئەگەریش کارێکی وا بکەن، تووشی شکستێکی دیکە دەبن. هاوکێشەی جەنگ لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گۆڕاوە و کاریگەرییەکانی سەرکەوتنی کۆتایی دیارن؛ ئەوان ناچارن لە شوێنێکدا خۆیان بەدەستەوە بدەن."
 
کەرتی کارەبای ئێران بە رێژەی 80% پشت بە گازی سرووشتی دەبەستێت کە سەرچاوەی سەرەکییە بۆ کارپێکردنی 110 وێستگەی کارەبا لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا. گەورەترین وێستگەکانیش بریتین لە "دەماوەند" لە نزیک تاران، "کرمان" لە باشووری رۆژهەڵات و "رامین" لە پارێزگای خوزستان، کە پێدەچێت ببنە ئامانجی یەکەمی هەر هێرشێکی ئەمریکا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە