رووداو دیجیتاڵ
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی کرد، کە ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش بکەنە سەر ژێرخانی وڵاتەکەی، ئەوا تاران ژێرخانی هەستیاری تەواوی ناوچەکە وێران دەکات.
رۆژی یەکشەممە 22ـی ئاداری 2026، قالیباف لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "دەستبەجێ دوای ئەوەی وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وڵاتەکەمان کرانە ئامانج، ژێرخانی هەستیار و دامەزراوەکانی وزە و نەوت لە سەرانسەری ناوچەکەدا وەک ئامانجی رەوا دەبینرێن و بە شێوەیەکی هەمیشەیی وێران دەکرێن."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریشی دا کە لە ئەنجامی کارێکی وەها، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا "بۆ ماوەیەکی درێژ" بەرز دەبێتەوە.
ئەم هەڕەشەیەی قالیباف دوای ئەوە هات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ 48 کاژێر کاتی دایە تاران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
ترەمپ کاژێر 2:47 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "ئەگەر ئێران بە تەواوی و بێ هەڕەشە، لە ئێستاوە تاوەکو 48 کاژێری دیکە تەنگەی هورمز نەکاتەوە، ئەوا ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر وێستگە جیاجیاکانی کارەبای ئێران و دەیانسڕێتەوە. سەرەتا لە وێستگە گەورەکانەوە دەستپێدەکەین".
تەنگەی هورمز رێڕەوێکی گرنگی بازرگانیی جیهانە و پێش ئەم جەنگە، نزیکەی 20٪ی نەوت و گازی جیهان بەو رێڕەوەدا تێدەپەڕی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ