رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەڕی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، شەپۆلێکی فراوانی دەرکردنی کارمەندان لە ئێران دەستی پێکردووە.
غوڵامحوسێن محەممەدی، جێگری وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ئێران رایگەیاند، بەهۆی شەڕەوە دوو ملیۆن کەس کاریان لەدەستداوە.
دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران و کارمەندان بووەتە یەکێک لە دیارترین بابەتی گفتوگۆی نێوان ئێرانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. خاوەنکار و بەرپرسانی حکومەتیش بە "هاوسەنگکردنی هێزی کار" ناوی دەبەن.
کاریگەرییەکە تەنیا ئەو کارگانە ناگرێتەوە کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە داخراون، بەڵکو کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنەران، فرۆشیاران، بازرگانیی هاوردە و هەناردە و کەرتی دیجیتاڵیش هەبووە.
بڕیاری حکومەتی ئێرانیش بۆ بڕینی ئینتەرنێت زیانی بە کەرتی تەکنەلۆژیا و دیجیتاڵیی ئێران گەیاندووە و بێکاری زیاترکردووە.
بەرپرسان دەڵێن، بڕیاری پچڕاندنی ئینتەرنێت بەهۆی هۆکاری ئەمنییەوە دراوە و دەڵێن، بۆ رێگریکردنە لە چاودێری، سیخوڕی و هێرشی ئەلیکترۆنی.
لە مانگی یەکی رابردوودا سەتار هاشمی، وەزیری تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندنی ئێران رایگەیاند، هەر رۆژێک بڕینی ئینتەرنێت، لانیکەم 50 تریلیۆن ریاڵ (35 ملیۆن دۆلار) زیان بە ئابووریی وڵاتەکە دەگەیەنێت.
بەم پێیە، نزیکەی 54 رۆژ پچڕانی ئینتەرنێت لە سەرەتای شەڕەکەوە، زیاتر لە 1.8 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی ئێران گەیاندووە.
لە کۆتایی مانگی ئادار و سەرەتای مانگی نیساندا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر دوو لە گەورەترین کارگەکانی پترۆکیمیایی ئێران لە عەسەلوییە و ماهشەهر، هەروەها دوو لە گەورەترین کارگەکانی پۆڵا، کە پۆڵای موبارەکە و پۆڵای خوزستان بوون.
لەکاتێکدا دەیان هەزار کەس راستەوخۆ کارەکانیان لەدەستدا، سەدان هەزار کەسی دیکەش لەو کۆمپانیایانەدا کاردەکەن کە یان پێداویستی بۆ ئەم پیشەسازییە سەرەکییانە دابین دەکەن یان ئەوانەی بۆ مادەی خاو پشتیان پێدەبەستن.
ئەم شەپۆلەی بێکاری لە کەرتە جیاوازەکاندا لە کاتێکدایە، رێژەی فەرمیی هەڵاوسان لە مانگی ئاداری 2026ـدا 50%ـی تێپەڕاندووە و زۆرێک لە شارەزایان پێیانوایە ئەگەری هەیە لە مانگەکانی داهاتوودا زیاتر بەرزببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ