رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆککۆماری ئیران بۆ کاروباری زانستی دەڵێت، زیاتر لە دوو هەزار یەکەی تەکنەلۆژیا و پیشەسازی بە هۆی جەنگەوە زیانیان پێگەشتووە و 480 یەکە بە تەواوی رووخاون.
رۆژی چوارشەممە، 22ی نیسانی 2026، حوسێن ئەفشین، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری زانستی رایگەیاند: "بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، بە هۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان دوو هەزار 680 یەکەی تەکنەلۆژیا و پیشەسازی زیانیان پێگەشتووە."
حوسێن ئەفشین گوتی: "لەو ژمارەیە 480 یەکەی تەکنەلۆژیا و پیشەسازی بە تەواوی رووخاون."
بە گوتەی حوسێن ئەفشین، "بەشێکی بەرچاو لەو یەکانەی زیانیان بەرکەوتووە کۆمپانیاکانی زانیاری و تەکنەلۆژیان کە لە بوارە ستراتیژییەکانی وەک ئەلیکترۆنی، پۆلیمر، پیشەسازی پلاستیک، ئامێرەکانی رووناکی و هەندێک ناوچەی پیشەسازی پێشکەوتوودا کاردەکەن و رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە زنجیرەی دابینکردنی پیشەسازی وڵاتدا".
حوسێن ئەفشین ئاماژەی بەوەشکرد،" گەڕانەوەی خێرای ئەم یەکانە بۆ بەرهەمهێنان کارێکی جددی و لە پێشینەی بۆ ئێمە و دوای تەواوبوونی خەمڵاندنی زیانەکان، پرۆسەی نۆژەنکردنەوە بە خێرایی دەستپێدەکات."
جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا-ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026 دوای ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئێران بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8ـی نیسان واشنتن و تاران بە فەرمی رەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی 14 رۆژی نیشاندا.
رۆژی 11ی نیسانی 2026، دانوستاندنەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە دەستیانپێکرد، بەڵام دوای 21 کاژێر گفتوگۆ نەگەیشتنە رێککەوتن.
دوێنێ سێشەممە ترەمپ رایگەیاند، ئاگربەستی ئێستا [لەگەڵ ئێران] درێژ دەکاتەوە تاوەکو ئەو کاتەی سەرکردایەتییە دابەشبووەکەی ئێران دەگەنە "پێشنیازێکی یەکگرتوو."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست (New York Post) رایگەیاند، رەنگە تاوەکو رۆژی هەینی [24-04-2026] هەواڵی خۆش لەبارەی گەڕی نوێی دانوستاندنەکانەوە ببیستین.
سەرچاوەکان لە ئیسلامئابادیش ئاماژە بەوە دەکەن، لە 36 بۆ 72 کاژێری داهاتوودا ئەگەری دروستبوونی "وەرچەرخانێک" لە دانوستاندنەکان دا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ