ئێران کارمەندێکی پێشووی وزەی ئەتۆمی بە "تاوانی سیخوڕیکردن بۆ مۆساد" لەسێدارە دا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 22-04-2026 کارمەندێکی پێشووی "دامەزراوەیەکی هەستیار"ی وڵاتەکەی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لەسێدارە داوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن، کەسەکە کارمەندی دامەزراوەیەکی وزەی ئەتۆمیی ئێران بووە و پێشتریش وەک رۆژنامەڤان کاری کردووە.
 
ماڵپەڕی (میزان)، زمانحاڵی دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، کەسە لەسێدارەدراوەکە ناوی (مەهدی فەرید)ە و بەرپرسی بەشی بەڕێوەبردنی لیژنەی بەرگریی مەدەنی بووە لە یەکێک لە دامەزراوە هەستیارەکانی وڵاتەکە.
 
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکەی ئێران، مەهدی فەرید لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندی بە ئەفسەرانی مۆسادەوە کردووە و "بە مەبەست و ئاگادارانە" زانیاریی هەستیاری رادەستی ئیسرائیل کردووە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "تاوانبارەکە بە فەرمانی ئەفسەرانی مۆساد، سێرڤەرەکانی ئەو دامەزراوە هەستیارەی بە فایلە ڤایرۆساوییەکانەوە بەستووەتەوە."
 
ئاژانسی هەواڵی (دانشجو)ی ئێرانیش لە زاری وەزارەتی ئیتڵاعات و دامەزرراوەی پاراستنی زانیاریی سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردووەتەوە، فەرید بە بەکارهێنانی بەردەوامی فلاش میمۆری (USB) لەنێو دامەزراوەکەدا رێگەی بۆ چوونەنێوی دەرەکی بۆ نێو سیستمەکان خۆش کردووە. زانیارییە دزەپێکراوەکانیش پێکهاتوون لە پێکهاتەی دامەزراوەکە، دۆخی ئەمنی، شوێنی باڵەخانەکان و زانیاریی کەسیی کارمەندان. لە بەرامبەریشدا پارە و بەڵێنی بردنەدەرەوەی لە ئێران پێدراوە، کە هیچیان جێبەجێ نەکراون.
 
مەهدی فەرید کێ بوو؟
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، مەهدی فەرید پێشتر لە پێگەی (ئەمیرئاباد)ی سەر بە دامەزراوەی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە تاران کاری کردووە؛ هەروەها بەر لە دەستگیرکردنی، وەک گۆشەنووس لە چەندین رۆژنامەی ریفۆرمخوازی نێوخۆی ئێران وەک ئیعتماد، ئیعتمادی میللی، هەممیهەن و ئارمان بابەتی بڵاوکردوەتەوە.
 
مەهدی فەرید لە زستانی ساڵی 2023 دەستگیرکرا و سەرەتا برایە زیندانی گەورەی تاران و دواتر بۆ زیندانی ئێڤین گوێزرایەوە. مەهدی فەرید لە هەمان ئەو شوێنە (پێگەی ئەمیرئاباد) کاری کردووە کە پێشتر زانایەکی دیکەی ئەتۆمی بە ناوی "رۆزبێهـ وادی" کاری دەکرد و ئەویش ماوەیەک لەمەوبەر لەسێدارە درا.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران پێشتر هۆشداری دابوو لە ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەی مەهدی فەرید و رایگەیاندبوو، "سەرەڕای هاوکاریکردنی تەواوی لەگەڵ بەرپرسانی لێکۆڵینەوە، ئەو سەرەتا لە لقی 26ـی دادگەی شۆڕشی تاران سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دوای دادگاییکردنەوەی ئەمجارەیان لە لقی 23، بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا."
 
هاوکات لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا، دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا 19 حوکمی دیکە لە پارێزگای قوم بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لەگەڵ دووژمن" دەرکراون کە سزاکانیان زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی دەگرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە