وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران: بڕانی ئینتەرنێت هەڕەشەیە بۆسەر کاری 10 ملیۆن کەس

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران دەڵێ، نزیکەی 10 ملیۆن کەس راستەوخۆ سەرقاڵی هەندێک کارن کە پێویستییان بە پەیوەندیی ئینتەرنێتیی بەردەوامە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەردەوامیی بڕینی ئینتەرنێت، لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی زۆری دەبێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 22-04-2026، سەتار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای زانیاریی ئێران باسی لە زیانەکانی بڕانی ئینتەرنێتی لە وڵاتەکە کرد و رایگەیاند، هەڕەشەیە بۆ سەر کار و کاسبیی 10 ملیۆن کەس لە چینی مامناوەند و هەژاری کۆمەڵگە.
 
بەگوتەی ستار هاشمی، ئەو 10 ملیۆن کەسە راستەوخۆ پێویستییان بە پەیوەندیی بەردەوامی دیجیتاڵی و ئینتەرنێتیە، ''بە جۆرێک هەر ئێستاش بڕینی ئینتەرنێت، لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی قووڵی هەبووە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، بڕینی ئینتەرنێت لە ئێران کە لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا/ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ پێی ناوەتە 54ـەمین رۆژی خۆیەوە و هێشتا دیار نییە، حکومەت کەی دۆخەکە ئاسایی دەکاتەوە.
 
بەرپرسێکی ژووری بازرگانیی ئێرانیش دەڵێ، بڕینی ئینتەرنێت رۆژانە لەنێوان 100 تاوەکو 120 ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی ئەو وڵاتە دەگەیێنیت.
 
ئەفشین کولاهی، سەرۆکی لیژنەی کۆمپانیا تازە دامەزراوەکان لە ژووری بازرگانیی ئێران رایگەیاند: "بەپێی خەمڵاندنەکان، زیانی راستەوخۆی بڕینی ئینتەرنێت لە ئێران لەنێوان 30 ملیۆن تاوەکو 40 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێکدا. زیانە ناڕاستەوخۆکانیشی نزیکەی 70 ملیۆن تاوەکو 80 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێکدا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە