رووداو - هەولێر
غوڵامڕەزا حەسەنی، نوێنەری پێشووی رێبەری کۆماری ئیسلامی بوو لە ورمێ لە تەمەنی 91 ساڵی لە ورمێ کۆچی دواییکرد.
حەسەنی دوای شۆڕشی ئێران شەڕی هێزە کوردییەکانی کرد. ئەو بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی سڤیلی چەندین گوند تۆمەتبارە.
غوڵامڕەزا حەسەنی تاوەکو سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران، 51 ساڵی تەمەنی بە خوێندن، مەلایەتی و دژایەتیکردنی حکومەتی پاشایەتی تێپەڕاند. دوای سەرکەوتنی شۆڕش، بووە بە دەسەڵاتترین کەسی حکومەت لە پارێزگای ورمێ. سەرکردایەتی کۆمیتەکانی شۆڕشی کرد لەو پارێزگایە. کرایە نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامی و پێشنوێژی هەینی شاری ورمێ. دەسەڵاتی تەواوی سەربازیشی پێدرا.
بەپێی بیرەوەرییەکانی، لە منداڵییەوە رقی لە دەرەبەگێکی کورد هەڵگرتووە، دوای ئەوەی دەسەڵاتی کەوتەدەست، رقەکانی بە خەڵکی سڤیل و بزووتنەوەی کورد رژاند. لە هەڵگیرساندنی شەڕی نەغەدە و کوشتن و ئاوارەکردنی کوردانی ئەو شارە رۆڵی دیاری هەبووە. بەگوتەی شایەتحاڵان، بە بڕیاری حەسەنی خەڵکی سڤیل لە گوندەکانی قارنێ، قەڵاتان، سۆفیان، سەروکانێ و چەندین شوێنی دیکە کۆمەڵکوژ کراون. سەرکردایەتی شەڕ دژ بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش تاوەکو چەند ساڵ دوای سەرکەوتنی شۆڕش، لە پارێزگای ورمێ لە ئەستۆی ئەو بوو. بەهۆی ئەو رۆڵەی لەسەردەمی سەرۆککۆماری مەحمود ئەحمەدینژاد، حکومەتی ئێران میداڵیای ئازایەتی پێدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ