رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی شارەوانی تاران رایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی تەنیا لە سنووری شارەوانیی پایتەختدا 468 شوێن راستەوخۆ کراونەتە ئامانج، بەڵام هێشتا "ژیان لە پایتەخت بەردەوامە". ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 24 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە.
عەبدولموتەهەر محەممەدخانی، گوتەبێژی شارەوانی تاران لەبارەی لێکەوتەکانی هێرش و بۆردوومانەکان بۆ سەر پایتەختی ئێران رایگەیاند: "بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 6 هەزار دانیشتووی سنووری شارەوانی تاران ئاوارە بوون."
گوتەبێژی شارەوانی تاران وردەکاریی زیانەکانی کەرتی نیشتەجێبوونی شارەکەی خستەڕوو و گوتی: "تاوەکو ئێستا 24 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان پێگەیشتووە، لەو ژمارەیەش هەزار و 869 یەکەیان بە تەواوی لەکەوتوون و شیاوی نیشتەجێبوون نین."
سەبارەت بە دۆخی خێزانە زیانلێکەوتووەکانیش، محەممەدخانی ئاماژەی بەوە کرد، هەزار و 245 بنەماڵە، کە ژمارەیان دەگاتە 4 هەزار و 200 کەس، لە 23 شوێنی کاتیی تایبەت بە حەواندنەوە نیشتەجێ کراون.
بەپێی زانیارییەکانی شارەواینی تاران، جیا لە بۆردوومانی بەردەوامی شار و شارۆچکە جیاوازەکانی پارێزگای تاران، ناوەندی شاری تاران بەتایبەت لە بەشەکانی "رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوا" رووبەڕووی زۆرترین هێرش بوونەتەوە.
سەرەڕای ئەو زیانە گیانی و ماددییە زۆرانەی بەر پایتەخت کەوتوون، بەرپرسانی شارەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە دامودەزگاکانی شارەوانی لە کارەکانیان بەردەوامن بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی هاووڵاتییان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ