رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیێندراوێکی تووند دا وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی کارەبای ئێران، بە وەڵامێکی هاوشێوە و پێکانی وێستگەکانی کارەبای ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کۆتایی دێت.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە "سەرۆکی ئەمریکا بە درۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە سوپای پاسداران دەستی بۆ وێستگەکانی ئاوەوەرگرتن (ئاوشیرینکردن) لە ناوچەکە بردووە، لەکاتێکدا ئەوە سوپای ئەمریکایە کە لە سەرەتای جەنگەوە پێنج ژێرخانی ئاوی ئێرانی کردووەتە ئامانج، لەوانە وێستگەی ئاوشیرینکردنی دوورگەی قیشم."
سوپای پاسداران دەڵێت، ئەمریکا هەڕەشەی لێدانی وێستگەکانی کارەبای ئێران دەکات، کە ئەمە کارێکی نامرۆییە و دەبێتە هۆی پەککەوتنی نەخۆشخانەکان و ناوەندە فریاگوزارییەکان، بۆیە بڕیاری خۆیان داوە و دەڵێن: "لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران، لە هەنگاوێکی تۆڵەسەندنەوەدا، وێستگەکانی کارەبای رژێمی داگیرکەر (ئیسرائیل) و ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە کارەبای بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دابین دەکەن، دەکەینە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوپای پاسداران ئەو ژێرخانە ئابووری و پیشەسازی و وزانەش دەپێکێت کە ئەمریکییەکان پشکیان تێیدا هەیە و دەڵێت: "گومان مەکەن کە ئەم کارە دەکەین."
سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا نەخۆشخانە، قوتابخانە و ناوەندە فریاگوزارییەکانی بەرامبەریان نەکردووەتە ئامانج، بەڵام "ئەگەر لە کارەبامان بدەن، لە کارەبایان دەدەین."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا سوپای پاسداران دەڵێت: "ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەر هەڕەشەیەک لەو ئاستەی کە هاوسەنگیی بەرپەرچدانەوە دروست بکات، وەڵام بدەینەوە. ئەمریکا تواناکانی ئێمە ناناسێت و لە مەیدانی جەنگدا دەیبینێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ