راپۆرتێک: تاران خەریکی پێداچوونەوەیە بە خاڵە پێشنیازکراوەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تاران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیامێکی لە واشنتنەوە پێگەیشتووە کە چەند خاڵێکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە تێدایە.
 
بەپێی راپۆرتێکى تۆڕى "سی بی ئێس"ى ئەمریکی کە رۆژی سێشەممە، 24ى ئادارى 2026 بڵاوکراوەتەوە و بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە تۆڕەکەى راگەیاندووە، تاران خەریکی پێداچوونەوەیە بۆ ئەو خاڵانەی کە ئەمریکا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بۆی ناردوون.
 
تاوەکو ببنە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان هەردوو وڵات.
 
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە "ترووس سۆشیال" رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا گفتوگۆی "زۆر باش و بەرهەمدار" لەبارەی چارەسەرکردنی تەواوەتیی کێشەکان کراوە.
 
ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هەردوولا لەسەر نزیکەی 15 خاڵ رێککەوتوون و بەرپرسانی ئێرانیش گوتوویانە، "ئاشتییان دەوێت." 
سەرۆکی ئەمریکا پێشبینیکرد کە ئەگەرێکی زۆر هەیە جەنگەکە بە رێککەوتن کۆتایی بێت. 
 
لە هەمان کاتدا ترەمپ بڕیاریداوە سوپای ئەمریکا بۆ ماوەی 5 رۆژ بۆردوومانکردنی وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران رابگرێت، تاوەکو دەرفەت بە سەرکەوتنی گفتوگۆکان بدرێت.
 
بەپێی راپۆرتەکە، ترەمپ ئاشکرای کردووە کە ئەوان لەگەڵ "کەسێکی باڵا" لە نێوخۆی ئێران لە پەیوەندیدان، بەڵام ئەو کەسە موجتەبا خامنەیی، رێبەرى نوێی ئێران نییە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە ناوی ئەو بەرپرسە بهێنێت تاوەکو ژیانی نەکەوێتە مەترسییەوە و گوتی: "نامەوێت ئەو کەسە بکوژرێت." گوتیشی کە ئێران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی چەکی ئەتۆمییان نەبێت، کە یەکێک بوو لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم جەنگە.
 
ئەم هەواڵە کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕەکان دروستکرد، بە جۆرێک نرخی نەوتی خاوی برێنت 10٪ دابەزی و پێوەرەکانی بۆرسەی ئەمریکاش بەرزبوونەوەیان تۆمار کرد.
 
هەر دواى لێدوانەکانى ترەمپ، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکى پەرلەمانى ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە ئەو وەک لایەنێکی نهێنی لە گفتوگۆکاندایە لەگەڵ واشنتن، "هەواڵی درۆن" و جەختی کردەوە کە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە، تەنیا "یاریپێکردنی بازاڕە داراییەکان و بازاڕی نەوتە" و هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو "زۆنگاوە" رزگار ببن، کە تێیدا گیریان خواردووە. 
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، کە دوای کوژرانی بەرپرسە باڵاکانی تاران وەک کارەکتەرێکی سەرەکیی بەڕێوەبردنی جەنگ دەرکەوتووە، پێیوایە واشنتن دەیەوێت لەرێگەی جەنگی دەروونییەوە گوشارەکان لەسەر خۆی کەم بکاتەوە.
 
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێی ناوەتە چوارەم هەفتەیەوە. 
 
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و عەلی لاریجانی، تاران رووبەڕووی قەیرانی سەرکردایەتی بووەتەوە، بەڵام قالیباف و بەرپرسانی دیکەی وەک عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، بە تووندی هەر جۆرە گفتوگۆیەک بۆ ئاگربەست رەتدەکەنەوە. 
 
ئەوان جەخت دەکەنەوە کە تەنیا بەو مەرجە ئامادەی دانوستاندنن کە گەرەنتیی وەستانی هەمیشەیی جەنگ و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موحسین رەزایی: نابێت بگەڕێینەوە بۆ ناکۆکییەکانی پێش شەڕ

موحسین رەزایی لە پەیامێکدا هۆشداری دەدات لە گەڕانەوە بۆ ناکۆکییەکانی پێش سەردەمی شەڕ و رایدەگەیێنێت، پێویستە ئەو "برایەتی و یەکڕیزییەی" ئێستا لە وڵات دروستبووە، وەک دەستکەوتێکی نیشتمانی بپارێزرێن