رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای شارەوانیی تاران رایگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر ئێران بوونەتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکە و بەو هۆیەوە رۆژانە 600 ملیۆن دۆلار زیان بە کەرتی گەشتیاریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگات. راشیگەیاند، چەندین شوێنەوار لە تاران زیانیان بەرکەوتووە.
سەید ئەحمەد عەلەوی، سەرۆکی لیژنەی گەشتیاری و میراتی کولتووری لە ئەنجوومەنی شاری تاران، لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی "تەسنیم" بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاند: "لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 120 شوێنەواری مێژوویی تۆمارکراو لە سەرتاسەری ئێران زیانیان بەرکەوتووە."
زیانەکانی تاران و کۆشکی گوڵستان
عەلەوی، ئاماژەی بە قەبارەی وێرانکارییەکان لە پایتەختی ئێران کرد و گوتی: "لەو شوێنەوارانەی زیانیان بەرکەوتووە، 43ـیان لەنێو شاری تارانن، کە لە نێویاندا ناوی کۆمەڵگەی 'کۆشکی گوڵستان' دەبینرێت، کە شوێنەوارێکی جیهانییە و لە یونسکۆ تۆمار کراوە." ئەو بەرپرسەی تاران هێرشەکانی بە "تاوانی جەنگ" و "تیرۆری کولتووری" وەسف کرد.
کاریگەرییە ئابوورییەکان لەسەر ناوچەکە
سەبارەت بە زیانە ئابوورییەکانی جەنگ لەسەر کەرتی گەشتیاری، سەرۆکی لیژنەی گەشتیاریی ئەنجوومەنی شاری تاران پشتی بە داتاکانی ئەنجوومەنی جیهانیی گەشتوگوزار (WTTC) بەست و رایگەیاند: "تێکچوونی ئاسایش لە ئێران وەک لەنگەرگای ناوچەکە، بووەتە هۆی پاشەکشەیەکی گەورە لە هاتنی گەشتیاران بۆ تەواوی وڵاتانی دراوسێش. ئەم جەنگە رۆژانە زیانی 600 ملیۆن دۆلاری بە پیشەسازیی گەشتیاریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیاندووە."
لێدوانەکانی ئەم بەرپرسەی تاران لەکاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەکی دیکە، کاریگەریی قووڵی کردووەتە سەر جووڵەی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا و چەندین وڵات گەشتەکانیان بۆ ئێران و وڵاتانی دەوروبەری هەڵپەساردووە.
عەلەوی، دەڵێت، سەرەڕای زیانەکان، ئیدارەی شارەوانیی تاران هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنەوارە مێژووییانە دەخاتە گەڕ و "رێگە نادەین ناسنامەی مێژوویی پایتەخت بشێوێنرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ