رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فریاکەوتنی ئێران دەڵێت، لە سەرەتای جەنگەوە 238 ژن کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار و 700ـی دیکەش بریندار بوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەرو لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار و 500 بریندار و 208 کوژراوی خوار تەمەن 18 ساڵیش هەیە.
رۆژی سێشەممە، 24-03-2026، جەعفەر میعادفەر، سەرۆکی فریاکەوتنی خێرای ئێران دوایی ئاماری تایبەت بە کوژراو و بریندارانی خوار تەمەن 18 و ژنانی خستەڕوو و رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە، لانیکەم هەزار و 563 هاووڵاتیی خوار تەمەن 18 ساڵ بریندار بوون کە 111ـیان خوار تەمەن پێنج ساڵیشن.
بەگوتەی جەعفەر میعادفەر، هەر لەو ماوەیەدا، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، 208 هاووڵاتیی خوار تەمەن 18 ساڵیش کوژراون کە 168ـیان تایبەتن بە کردنە ئامانجی قوتابخانەی مینابی پارێزگای هورمزگانی وڵاتەکە.
هاوکات 13 لە کوژراوان تەمەنیان کەمتر لە پێنج ساڵە و بچووکترین کوژراویش تەمەنی تەنیا سێ رۆژ بووە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکەی سەرۆکی فریاکەوتنی خێرای ئێران، ژمارەی بریندارانی ئافرەتیش بەهۆی جەنگەوەکەوە گەیشتووەتە سێ هەزار و 794 کەس کە بچووکترین بریندار تەمەنی یەک مانگانە بووە و گەورەترینیشیان تەمەن 100 ساڵان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ