رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، داوای هەڵوێستی بەپەلە دەکات و رادەگەیێنێت، لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی، نزیکەی 300 ناوەندی تەندروستی و فریاگوزاری زیانیان بەرکەوتووە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، لە نامەیەکدا بۆ تێدرۆس ئەدهانۆم گێبیسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نیگەرانی و سەرکۆنەی تووندی وڵاتەکەی بەرامبەر هێرشکردنە سەر ژێرخانی تەندروستی و فریاگوزاریی ئێران دەربڕیوە.
لە نامەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکانی "ئیسرائیل و ئەمریکا"، 292 ناوەندی تەندروستی و فریاگوزاری کە نەخۆشخانە، بنکەی تەندروستی، دەرمانخانە و لقەکانی مانگی سوور لەخۆدەگرن، زیانیان بەرکەوتووە یان بەتەواوی وێران کراون.
سەرۆکی مانگی سووری ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو هێرشانەدا 48 ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری لەکارخراون. سەبارەت بە زیانە مرۆییەکانی کەرتی تەندروستیش دەڵێت: "22 کارمەندی تەندروستی و فریاگوزار لە کاتی ئەرکەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە و 113ی دیکەش بریندار بوون."
بەپێی نامەکەی کۆلیوەند، ئەو نەخۆشخانانەی زیانیان بەرکەوتووە بریتین لە نەخۆشخانەکانی:
گاندی، موتەهەری، یاس سپید، ئارمان، سەیدولشوهەدا، خاتەم، روزبە، ئارەش، تاڵەقانی، رازی و زەهرا.
لە کۆتایی نامەکەدا، سەرۆکی مانگی سووری ئێران داوا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەکات، وەک لایەنێکی نێودەوڵەتی بەرپرسیار، کاردانەوەی خێرای بەرامبەر ئەو هێرشانە هەبێت کە کراونەتە سەر ناوەندە خزمەتگوزاری و مرۆییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ