خاکی ئیران بە وڵاتانی خەلیج دەفرۆشرێت

24-04-2014
رووداو @Rudawkurdish
خاکی ئیران دەفرۆشرێت
خاکی ئیران دەفرۆشرێت
نیشانەکردن خاكی ئێران فرۆشتن
A+ A-

رووداو- تاران

بە گوتەی راگەیەندنەكانی ئێران، ماوەیەكە چەندین كۆمپانیای كەرتی تایبەت سەرقاڵی فرۆشتنی خاكی ئێرانن بە وڵاتە عەرەبییەكانی خەلیج، بەپێی ئاماری گومرگی ئێرانیش، لەساڵی 2012 دا نزیكەی 75 هەزار تۆن خاكی دوورگەی هورمز بە بڕی 5.7 ملیۆن دۆلار لە ژێر ناوی هەناردەكاری جیا لە نەوت هەناردەی وڵاتە عەرەبییەكان كراوە، ئەوەش ناڕەزایی هەندێك لایەنی لێكەوتووەتەوە .

جێگری رێكخراوی ژینگە پارێزی ئێران دەڵێت، ئێستا خاكی دورگەی هورمز كە بۆ كشتووكاڵكردن زۆر لەبارە هەناردەی وڵاتانی كەنداو دەكرێت، ئەمەش كێشەی گەورەی ژینگەیی لێدەكەوێتەوە.

هەروەها هۆشداریش دەدات سەبارەت بە وێرانكردنی ژینگەی كەنارەكانی ئێران، بەهۆی بەقاچاخبردنی سووتەمەنی و لەناوچوونی زیندەوەرە ئاوییەكانی وەك دۆلفین، كیسەڵ و جۆرەكانی ماسی.

هاوكات بەرپرسێكی بواری ئاو و ئاودێری لە رێكخراوەی ژینگەپارێزی ئێران دەڵێت، لە كاتێكدا ئێران خۆی رووبەڕووی كەمی خاكی كشتووكاڵ بووەتەوە، هەناردەكردنی ئەو خاكە بۆ وڵاتانی عەرەبی بەردەوامە، ئێران تەنیا 20 ملیۆن هێكتار خاكی كشتووكاڵی هەیەو خۆی لە چەند ساڵی داهاتوو بە دڵنیاییەوە رووبەڕووی كێشەی كەمی خاكی كشتووكاڵ دەبێتەوە.

شارەزایانی ژینگە  پێیانوایە، هەناردەكردنی خاكی كشتووكاڵی ئیران بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە وەك تاڵانكردنی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەیە، لە كاتێكدا نەیتوانیوە خۆی كەڵكی لێوەربگرێت.

پیشتر ناوەندە جیهانییەكانی ژینگە رەخنەی زۆریان لە ئێران گرت سەبارەت بە نەپاراستنی ژینگە، بەتایبەت وشكبوونی دەریاچەی ئورومیە لە رۆژهەڵاتی كوردستان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە