رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران هۆشداری دەداتە خەڵک و بەرپرسانی ئێران کە رێگە نەدەن لە دۆخی جەنگدا تووشی دووبەرەکی بن. دەشڵێت، لە 40 رۆژ جەنگدا ئەمریکا و ئیسرائیل بە لێدان لە تاوەرەکانی چاودێریی سەر سنوور هەوڵیان داوە رێگە بۆ ئۆپۆزیسیۆن بکەنەوە، بێنە نێو خاکی ئێران.
ئەحمەدڕەزا رادان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی کە شەوی پێنجشەممە 24-04-2026 بڵاوکرایەوە، باسی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد لە 40 رۆژەی جەنگدا و رایگەیاند، بەهۆی ئەو ئەزموونەی لە جەنگی 12 رۆژەدا هەیانبوو، بۆ رێگری لە زیانی گیانی، هەموو بنکەکانیان چۆڵ کردوون.
بەگوتەی ئەحمەدڕەزا رادان، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتەوە سەر بنکەکانی پۆلیس و تاوەرەکانی چاودێری لە خاڵە سنوورییەکان، ''چونکە دەیانەویست لە دوو بەرەوە دژە شۆڕشەکان (هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن) بێننە نێو خاکی ئێران، بەڵام ئێمە تاکتیکمان گۆڕی و رێگریمان کرد.''
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، لە تاکتیکی نوێیاندا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە ئەگەری چوونە نێو خاکی ئێراندا، ''سەنگەرە تاکەکەسییەکانی کارمەندەکانیان لە سنوورەکان کردووەتە بنکە و تاوەرەکانی چاودێری؛ کەرەستەکان، نیشانەشکێنەکان، چەکەکان و هاوەنەکانیان هەمووی چوونە نێو سەنگەرەکان.''
بنکەکانی پۆلیس یەکێک لەو شوێنانە بوون کە لە جەنگەکەدا زۆرترین هێرشیان کرایە سەر. وەک ئەحمەدڕەزا رادان دەڵێت، بەهۆی چۆڵکردنیان کەمترین زیانی گیانی بەر ئەندامانی هێزی پۆلیس کەوتووە و ''تەنیا لە باڵەخانەکانیان دەدا. نەوەک ئەوەی شەهید و بریندارمان نەبێت، بەڵام بەراورد بە چڕیی بۆردوومانەکان ژمارەیان زۆر کەم بوو.''
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران گوتی، سەرەڕای بەردەوامیی جەنگ بۆ 40 رۆژ و هێرشکردنە سەر بنکەکانیان، کارەکانی پۆلیس نەوەستاون؛ ''تەنانەت دەرکردنی پاسپۆرتیش بەردەوام بوو و زیاتر لە 100 هەزار پاسپۆرت دراوەتەوە دەست خەڵک. هەروەها لە بەڕێوەبردن و پاراستنی دەروازە سنوورییەکان، هەناردە و هاوردەکردنی کاڵا و پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەردەوام بووین.''
''هەموومان فەرمانی رێبەری باڵا جێبەجێ دەکەین''
ترەمپ سەبارەت بە دۆخی نێوخۆی ئێران لە ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، ململانێی نێوخۆیی نێوان ''تووندئاژۆکان'' و ''میانڕۆکان'' لە ئێران زۆرە. ئەحمەدڕەزا رادان رەتی دەکاتەوە هیچ دووبەرەکییەک لەنێوان بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکە و خەڵکدا هەبێت و دەڵێت: ''تەنیا گوێ لە ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی دەگرین و فەرمانەکانی ئەو جێبەجێ دەکەین.''
دوای ئاگربەست، گەڕێکی دانوستاندن لە نێوان واشنتن و تاران بەڕێوەچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی درێژخایەن. بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: ''گفتوگۆکانیش جۆرێکن لە جەنگ. دەبێ دانوستاندنکارانی ئێمە وەک جەنگاوەرەکانمان لە پێکانی ئامانجەکانیان ورد بن.''
هاوکات ئەحمەدڕەزا رادان هۆشداری دەداتە خەڵکی ئێران کە رێگە نەدەن ئەمریکا و ئیسرائیل بتوانن دووبەرەکییان لەنێوان دروست بکەن و ''بە هیچ شێوەیەک'' گۆڕەپانی پاڵپشتی لە حکومەت چۆڵ نەکەن.
قسەکانی رادان لەکاتێکدان کە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 22ـی نیسان ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان تاران و واشنتن کۆتایی دەهات، بەڵام چەند کاژێر بەر لە کۆتاییهاتنی وادەکە، دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ نووسی، ''فەرمانم دا بە سوپاکەمان کە بەردەوام بێ لە گەمارۆکەی [سەر بەندەرەکانی ئێران] و لە هەموو لایەنەکانی دیکەشەوە بە ئامادەیی و توانای تەواوەوە بمێننەوە."
ترەمپ گوتیشی، "ئاگربەستەکە درێژ دەکەینەوە تاوەکو ئەو کاتەی پێشنیازەکەیان پێشکێش دەکەن و گفتوگۆکان کۆتاییان دێت."
لەلایەکی دیکەوە پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانیش رایگەیاند، ''لەوپەڕی ئامادەییداین بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ. ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەکلاییکەرەوانە لەگەڵ دووژمن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ