رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی چین لە ئێران بڵاویکردەوە، هێشتا دۆخی ئێران ئاسایی نەبووەتەوە و دۆخی وڵاتەکە ئاڵۆزە؛ دەشڵێت، هاووڵاتییانیان پێویستە گەشتی ئەو وڵاتە نەکەن و لە کاتی پێویستیشدا داوای هاوکاری لە باڵیۆزخانەکەیان بکەن.
رۆژی هەینی، 24ی نیسانی 2026، باڵیۆزخانەی چین لە ئێران بڵاویکردەوە، "ئێران هەندێک لە کایەی ئاسمانیی خۆی کردووەتەوە، بەڵام هێشتا نادڵنیاییەکی گەورە لە بارودۆخی ناوچەکەدا هەیە و بارودۆخی ئەمنی لە ناوخۆی ئێراندا بە ئاڵۆزی و ناجێگیری دەمێنێتەوە".
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "وەبیری هاووڵاتییانی چینیمان هێناوەتەوە کە بە شێوەیەکی کاتی گەشت بۆ ئێران نەکەن. باڵیۆزخانەی چین لە ئێران جارێکی دیکە هاووڵاتیوانی چینی ئاگادار دەکاتەوە کە بە تووندی پابەندی رێنماییە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بن".
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەریان و وڵاتانی ناوچەکە وەڵامیان دانەوە. رۆژی 8ی نیسان، ئەمریکا لەسەر پێشنیازی پاکستان ئاگربەستی راگەیاند و رۆژی 18ی نیسانیش تاران بەشێکی ئاسمانی وڵاتەکەی کردەوە.
رۆژانی 11 و 12ی نیسان، ئەمریکا و ئێران گەڕی یەکەمی دانوستاندنیان لە پاکستان کرد و بڕیاریش بوو گەڕی دووەم بکەن بەڵام نەکرا.
باڵیۆزخانەی چین لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "ئەو هاووڵاتییە چینییانەی لەو ناوچەیەن دەبێت رێکارە ئەمنییەکانیان تووندتر بکەن، لە چوون بۆ ناوچە هەستیارەکانی وەک دامەزراوە سەربازی و سیاسییەکان دووربکەونەوە، لە زووترین کاتدا لە رێگەی گونجاوەوە ناوچەکە چۆڵ بکەن یان پەنا بۆ ناوچە تاڕادەیەک ئارامەکان ببەن"؛ گوتیشی، "لە کاتی هەر بارودۆخێکی نائاساییدا، تکایە لە کاتی خۆیدا پۆلیس ئاگادار بکەنەوە و داوای هاوکاری لە باڵیۆزخانەی چین لە ئێران بکەن".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەکەی چین، "ئەگەر هاووڵاتییانی چینی پێداگری بکەن لەسەر چوون بۆ ئێران، رەنگە رووبەڕووی مەترسییە ئەمنییە یەکجار بەرزەکان ببنەوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر کارایی ئەو هاوکارییانە هەبێت، کە پێشکەشیان دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ